لە کەرکوک خۆپیشاندانە؛ داوای خزمەتگوزاری و مافی خۆیان دەکەن
964+
کاروان ساڵحی
خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی کەرکوک لەبەردەم پارێزگای کۆن دەستی پێکردەوە، دایک و باوکێکیش لە کەرکوک عەوداڵی سۆراغی کوڕەکەیانن و دەڵێن؛ کارەبای مۆلیدە و رەئیسی و هیچمان ناوێت بەس کوڕەکەمان بەنەوە.
دوای شەپۆلێک لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردوو، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە هاوڵاتییانی کەرکوک بە داواکاریی جیاوازەوە هاوشێوەی رۆژانی رابردوو هاتوونەتەوە سەر شەقام و لە فولکەی پارێزگای کۆنی شارەکە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووەتەوە، هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەکەدا، هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکە بڵاوکراونەتەوە بۆ رێگری لە دروستبوونی ئاڵۆزی.
لە نێو ئامادەبوواندا، ژنێک کە بەردەوام بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکات داوای مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کەرکوک دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای بێکاریی گەنجان و منداڵەکانیان، ئەندامانی پەرلەمان هیچ وەڵامێکی داواکارییەکانیان نادەنەوە، داواکارییەکان تەنها خزمەتگوزاری نین، بەڵکو توڕەیی بەرامبەر بێدەنگی بەرپرسان رووی لە هەڵکشان کردووە.
دایک و باوکێک کە کوڕە 18 ساڵانەکەیان لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردوودا دەستگیرکراوە، بە چاوی پڕ لە گریانەوە بەدوای سۆراغی رۆڵەکەیانەوەن، ئەوان جەخت دەکەنەوە کە پێویستیان بە هیچ خزمەتگوزارییەکی کارەبا و ئاو نییە و تەنها خوازیاری ئەوەن کوڕەکەیان ئازاد بکرێت و بۆیان بگەڕێنرێتەوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح