ئەوەی شەوی رابردوو روویدا لێرەدایە

لە وازهێنانی یەکێتییەوە لە حکومەت هەتاوەکو بڕیاری ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ

964+

ژووری هەواڵ

پێویست ناکات شوێنی تر بگەڕێی، ئەوەی شەوی رابردوو روویداوە باسمان کردووە و لە یەک پۆستدا هەموو رووداوەکان بزانە:

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی کشانەوەی حزبەکەی لە حکومەتی هەرێم راگەیاند و وتی، دان بە پەرلەمان نانێین

بافڵ تاڵەبانی: دان بە پەرلەماندا نانێین و هەر بڕیارێک لەو پەرلەمانەوە دەربچێت بەهەمان شێوە دانپێدانراو نییە.

بافڵ تاڵەبانی: وەعدمان داوە بە خوای گەورە ناهێڵین یەک دڵۆپ خوێن بڕژێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا کۆبوویەوە و دواتر رایگەیاند، بەمزووانە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات لە ئێران بداتەوە یان نا.

ترەمپ: نامەوێت تەواوی ئێران لەناوببەم، بەڵام ئەگەر ناچار بم ئەنجامی دەدەم، بەمزووانە دەزانن.

ماڵپەری ئەکسیۆس رایگەیاند، سوپای ئەمریکا هێشتا فەرمانی نوێی لە واشنتنەوە لەبارەی ئێرانەوە بەدەست نەگەیشتووە.

پەرلەمانی تورکیا بە فەرمی رێککەوتننامەی مەککەی بۆ بەرگری هاوبەش پەسەندکرد کە رێککەوتننامەیەکی سیقۆڵی نێوان تورکیا، پاکستان و سعودیەیە و دەیانەوێت هاوشێوەی ناتۆ کار بکەن و هەر هێرشێک بۆ سەر هەر کام لەو وڵاتانە بە هێرش بۆ سەر هەر سێ وڵاتەکە لێکدەدرێتەوە.

ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە ناوی ئەو سیاسییە رادەگەیەنێت کە حکومەتی نوێ پێکدەهێنێتت.

هاوپەیمانێتییەکەی ناتانیاهۆ تەقەی تێکەوت و لە 53 کورسییەوە بۆ 46 کورسی کەمیکرد، هاوپەیمانێتییەکەی گادی ئایزنکۆتی رکابەریشی کورسییەکانی زیادبوو، لە 48 کورسییەوە گەیشتە 67 کورسی دوای ئەوەی عەرەبەکان پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕی.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدا و بەپێی راگەیاندراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی بە ترەمپی وتووە: خاکی عێراق بۆ هێرشکردن بەکارمەهێنن.

لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، عەلی زەیدی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا کۆبوویەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق: هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە و ئەو هەوڵانە کرد کە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان بدرێت.

میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە لەدوای دۆڕاندنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، ترەمپ بیر لەوە دەکاتەوە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.

میدیای ئەمریکا: ترەمپ لەگەڵ راوێژکارەکانی راوبۆچوونی لەبارەی دۆخی هێگسێتەوە دەگۆڕنەوە، پیت هێگسێت خۆشی نیگەران نییە بە دوورخستنەوەی.

هێڵی ئاسمانیی عێراق رایگه‌یاند، له‌ 14ی ئه‌م مانگه‌وه‌ گه‌شته‌ راسته‌وخۆكانی نێوان به‌غدا و بەسڕه‌ له‌گه‌ڵ په‌كین ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، هه‌فتانه‌ دوو گه‌شتی چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌بێت.

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە رایگەیاند، تاران لەڕێی قەتەرەوە پێشنیازێکی ئەتۆمی ئاراستەی واشنتن کردووە، بەڵام بۆ هەر گفتوگۆیەک لەبارەی ئەو پێشنیازەوە دەبێت ئەمریکا حەوت مەرجە پێشوەختەکەی تاران جێبەجێ بکات.

موحسین رەزایی، سکرترێری ئەنجومەنی بالای ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەردانی مۆسکی پایتەختی رووسیای کرد و لەگەڵ ڤلامدیر پوتین ،سەرۆکی رووسیا کۆبوویەوە.

میدیای ئێران رایگەیاند، موحسین رەزایی پەیامێکی موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێرانی بە پوتین گەیاندووە.

جارێکی دیکە خۆپیشاندانەکان لە فەرەنسا گرژی و ئاڵۆزی تێکەوتەوە و بۆ بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەران پۆلیسی پاریس گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.

بەپێی خەمڵاندنی حکومەتی فەرەنسا، خۆپیشاندانەکەی شەوی رابردوو یەکیک بووە لە گەورەترین خۆپیشاندانەکان و زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بەشدارییان تێدا کردووە.