لیڤاندۆڤسکی لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا
گۆڵكارە پۆڵەندیەكە تەنها یەك هەنگاو دووربوو لە پۆشینی درێسی سپی!
ژووری هەواڵ
بەپێی دوایین سەرچاوە و بڵاوكراوەكانی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بێت دەڵێت:
لە ساڵی 2014 رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی تەنها یەك هەنگاو دووربوو لە پەیوەندیكردن بە ریزەكانی یانەی ریال مەدرید، بەڵام بەهۆی رازی نەبوونی كەسە نزیكەكانی یاریزانە پۆڵەندیەكە و ئامۆژگاریكردنی بریكاری كارەكانی كە ناوی سیزار كوخارسكی بوو، بەوەی كە پەیوەندی بكات بە ریزەكانی یانەی بایرن میونشن، بۆ ئەوەی ببێتە هێرشبەری سەرەكی و ژمارە 9ی یانە باڤارییەكە، نەك ببێتە یەدەگی یاریزانێكی وەكو كەریم بێنزێما لە ریال مەدرید.
لیڤا دوای جێهێشتنی بڕوسیا دۆرتمۆند دەستیكرد بە هەڵسەنگاندنی ئەو گرێبەستانەی كە پێشكەشی دەكرێت، بەڵام تەنها پەڕەی دوو یانە لەسەر مێزی گفتوگۆ هەبوو كە بەهەر شێوەیەك با ئامادەبوون یاریزانەكە بگوازنەوە ریزەكانیان، ئەوانیش بایرن و ریال بوون، هەرچەندە بەرپرسانی یانەی بڕوسیا دۆرتمۆند حەزیان نەدەكرد لیڤا لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە و بچێتە بایرنی ركابەری مێژووییان، بەڵام دواجار لە 4.1.2014 بە گرێبەستێكی 5 ساڵە و بە مووچەی ساڵانەی 10 ملیۆن یۆرۆ، لیڤاندۆڤسكی بووە یاریزانی یانەی بایرن میونشن.
هۆكاری سەرەكی پەیوەندینەكردنی لیڤا بە ریزەكانی یانەی ریال مەدرید ئاشكرا كرا و دەركەوت كە بەهۆی مەرج و بەندە تووندەكانی یانەكە گرێبەستەكە شكستی هێناوە، بۆ نموونە قەدەغەكردنی ئەو وەرزشانەی كە لیڤاندۆڤسكی زۆر حەزیان پێدەكات بەڵام مەترسیدارن و رێی تێدەچێت یاریزانەكە تووشی پێكان بكەن وەكو:
خلێسكێنەی سەر بەفر، ماتۆڕسواری، پەڕەگلایدەر (فڕین بە پەڕەشووت).
هەرچەندە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكە خۆی سەرپەرشتی پڕۆسەی گواستنەوەكەی دەكرد، بەڵام دواجار كەریم بێنزێمای وەك هێرشبەری سەرەكی یانەكە هێشتەوە دوای رۆیشتنی گۆنزالۆ هیگواین بۆ ریزەكانی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی و ئیدی لەدواساتەكاندا هەموو شتێك كۆتاییهات و كەیسەكە داخرا.