26 دانەن و لەسەر رێگای کەلار – دربەندیخانن
ئەو کامێرایانەی مانگێکە وەک تێست ئیش دەکەن دەکەونەکار
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەو کامێرایانەی نزیکەی مانگێکە لەسەر رێگای کەلار – دەربەندیخان وەک تێست ئیشیان پێدەکرێ، لە هەفتەی داهاتووەوە دەکەونەکار و سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 2.11.2026 بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاشکرایکرد کە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی رۆژی یەکشەممەوە 8.11.2026 کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی بە سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگاکانی نێوان دەربەندیخان – کەلار بە هەردوو ئاڕاستەکەیەوە دەکەونەکار و سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن.
درێژی رێگاکە 65 کیلۆمەترە، خێرایی رێگەپێدراو 100 کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا و ھەر ئاڕاستەیەکی شەقامەکە 13 کامێرای لێ جێگیرکراوە، واتە بەھەردوو ئاڕاستەکە 26 کامێرا چاویان تیژکردووەتەوە و هەر شۆفێرێک خێرا لێبخوڕێ و سەرپێچی بکات، دەمودەست وێنەی دەگرن و غەرامەکەی بۆ دەنووسن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری