داوای پابەندی نرخ دەکات

قایمقامیەتی دوکان: نرخی غازی ماڵان هەشت هەزار و 500 دینارە

ئەحمەد مستەفا

لیژنەی سووتەمەنی لە قایمقامییەتی قەزای دوکان، ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتیان، وەکیلانی غاز و خاوەن کارگەکانی غاز دەکاتەوە کە پابەندی نرخی فەرمی و دیاریکراوی غازی ماڵان بن.

بەپێی راگەیاندنی قایمقامییەتی قەزای دوکان، نرخی غازی ماڵان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بە بڕی هەشت هەزار و 500 دینار دیاری کراوە.

لیژنەی سووتەمەنی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو وەکیل و کارگەکانی غاز پابەندی ئەم نرخە بن و هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە بە بێ رێگەپێدانی فەرمی، نرخەکە زیاد بکات.

هەروەها، لیژنەکە ئاگاداری داوە کە لەگەڵ هەر وەکیل یان کارگەیەک کە پێشێلی نرخی دیاریکراو بکات، بەپێی یاسا مامەڵە دەکرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

لە کۆتاییدا، داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت لە کاتی رووبەروبوونەوە لەگەڵ هەر زیادەیەکی نایاسایی لە نرخدا، سکاڵاکانیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەکانی سووتەمەنی بکەن، بۆ ئەوەی رێگری لە پێشێلکاری بکرێت و پابەندی نرخی فەرمی بپارێزرێت.