"چەند راوچیەک دۆزیویانەتەوە"
کۆرپەلەیەکی کچ بە شیرەوە لەنزیک سەرچاوەیەکی ئاوی پارێزگای دیالە جێهڵدراوە
سیروان خورشید – خورماتوو
لە سنووری قەزای شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالە چەند راوچییەک لە کاتی رۆيشتنیان بۆ راوی ماسی منداڵێکی تازەلەدایکبووی فڕێدراویان دۆزییەوە.
نەقیب فەوزی عەلی، ئەفسەر لەبنکەی پۆلیسی دیالە بە964ـی وت، ”دوای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە ئاگادارکراینەوە لە رووداوەکە، مەفرەزەکانی پۆلیس دەستبەجێ گەیشتنە شوێنەکە و منداڵەکە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و باری تەندروستی تەواو جێگیرە.
وتیشی، منداڵەکە لە رەگەزی مێیە و لە نزیک سەرچاوەیەکی ئاوی قەزای شارەبان جێهێڵدراوە و بەپێی وتەی راوچییەکان بێت، لە تەنیشت منداڵەکەوە پێداویستییەکانی وەک شیر و کەلوپەلی دیکەی بەخێوکردنی بۆ دانراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بەدواداچونی ورد لە رێگەی کامێراکانی چاودێریەوە دەستی پێکردووە بۆ دۆزینەوەی کەسوکاری منداڵەکە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر