کێ دەیباتەوە؟

کلاسیکۆى یاریگا و دادگا

وریا فەتاح

سبەی شەو، تەنها یارییەکی تۆپی پێ لە کامپ نۆ بەڕێوە ناچێت. سبەی شەو، گەورەترین پێكدادانی مێژووی هاوچەرخی تۆپی پێیە. بەڵام ئەمجارە، چاوەکان تەنها لەسەر قاچەکانی مباپێ، لامین یامال و رافینیا و گولەر نابن. ئەمجارە، جەنگەکە پێش ئەوەی لەسەر چیمەنی یاریگا بێت، لەناو هۆڵەکانی دادگاوە دەستی پێکردووە. کلاسیکۆی ئەمجارە لەژێر سێبەری قورسترین و ترسناکترین تۆمەتی مێژووی وەرزشیدا ئەنجام دەدرێت کە ئەویش کەیسى نێگێرایە.

پرسیارە ئەوەیە بۆچى یاریی سبەی شەو جیاوازە؟ چونکە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەم کەیسە گەیشتووەتە قۆناغی یەکلاکەرەوە. لێکۆڵینەوە فەرمییەکان و دزەپێکردنی بەڵگەنامە نوێیەکان لە میدیاکانی مەدرید و کەتەلۆنیا، دۆخەکەیان گەیاندووەتە لێواری تەقینەوە. ڕیاڵ مەدرید وەک لایەنێکی زیانمەند خۆی لە کەیسەکەدا جێگیر کردووە، ئەمەش وایکردووە پەیوەندی دبلۆماسی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز و خوان لاپۆرتا بە تەواوی بپچڕێت. سبەی شەو، هیچ خوانی شەرەفمەندانەیەک لە نێوان کارگێڕی هەردوو یانەدا ئەنجام نادرێت! هاندەرانی مەدرید کەتەلۆنییەکان بە “کڕینی ناوبژیوانان” تۆمەتبار دەکەن، و لە بەرامبەردا، کەتەلۆنییەکان دەڵێن ئەمە پلانگێڕییەکی سیاسیی پایتەختە بۆ تێکشکاندنی شۆڕشە نوێیەکەی هانزی فلیک.

بۆیە کاتێک ناوبژیوانی یارییەکە فیکەی دەستپێکردن لێدەدات، فشارەکان دەگەنە بەرزترین ئاست. هەموو فیکەیەک، هەموو کارتێکی زەرد، و هەر بڕیارێکی ڤار (VAR) دەخرێتە ژێر تیشکی گومانەوە. ئەگەر ناوبژیوان فیکەیەک بۆ بارسا لێبدات، میدیاکانی مەدرید دەڵێن “ئەمە پاشماوەی نێگرێرایە”، ئەگەر بەپێچەوانەش بێت، کەتەلۆنیا دەڵێت “سوپای فرانکۆ دەیەوێت بمانڕوخێنێت”.
لەم کەشە شێواوەدا بارسێلۆنا دەیەوێت بە تۆپباران و گۆڵەکانی ڕافینیا، و لامین یامال وەڵامی هەموان بداتەوە و پێشەنگی خۆی لە لالیگادا بپارێزێت. لە بەرامبەردا، مۆرینهۆ و کوڕەکانی دەیانەوێت لەناو کامپ نۆدا، نەک تەنها سێ خاڵ بەرن، شکۆى یانەکە بەردەم هاندەرانیان بشکێنن و دادگاییان بکەن.

سبەى شەو، تۆپی پێی ئیسپانیا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویدایە. ئایا کێ دەتوانێت لەم جەنگە دەروونییەدا خۆی راگرێت؟ مباپێ و ڤینیسیۆس یارییەکە یەکلایی دەکەنەوە، یان کوڕانى لاماسیا دادگا بێدەنگ دەکەن؟
سبەی شەو، تەنها یاریی لوتکەی خولەکە نییە… سبەی شەو کلاسیکۆیەکە لەسەر لاکێشەى کامپنۆ و هۆڵى دادگا.