دەروازەی ئیبراهیم خەلیل روونکردنەوەی هەیە

“رێگری لە هاوردەکردنی پەتاتە، پیاز و باینجان بڕیارێکی فەرمییە”

ئەحمەد مستەفا

وتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، قسەی هەندێک بازرگان لە بەرانبەر دەروازەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، رێگری لە هاوردەکردنی پەتاتە، پیاز و باینجان بە بڕیارێکی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.

کامی کەمال لە روونکردنەوەیەکدا، سەبارەت بە قسەی ژمارەیەک بازرگان ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.10.2026، ئاماژەی بەوەکرد، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تەنیا لایەنێکی جێبەجێکارە و بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات.

بەپێی روونکردنەوەکە، رێگری لە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە و دانانی باج لەسەریان، پشت بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەبەستێت،کە لە رۆژی 13.5.2026 دەری کردووە.

ئامانجی ئەم بڕیارە، بەپێی قسەی وتەبێژەکە، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، پشتگیریکردنی جوتیاران و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتییە، کامی کەمال دەڵێت، ئیبراهیم خەلیل پابەندە بە جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.