دەڵێن، بۆ بنبڕکردنی داعشە

جرت و فرتی ماتۆڕسکیل لە گوندەکانی داقوق قەدەغەکرا

سیروان خورشید – خورماتوو

قایمقامی قەزای داقوق و هێزە ئەمنییەکان بڕیاریان داوە هاتوچۆی ماتۆڕسکیل لە گوندەکانی سنووری قەزاکەدا لە کاتژمێر 9:00ی شەوەوە تا 6:00ی بەیانی قەدەغە بکرێت.

ئەم رێکارە بۆ ئەوەیە جرت و فرتی داعش و چەکداری نەناسراو ئاشکرابێ.

عەدنان حسێن، قایمقامی قەزای داقوق بە تۆڕی 964ی رایگەیاند، بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە لە ئێستادا باش و سەقامگیرە، بەڵام هەندێک هۆکاری ئەمنی وای کردووە بڕیار بدرێت رێکاری زیاتر بۆ پاراستنی ئاسایشی دانیشتووان بگیرێتەبەر.

بەپێی قسەکانی، زۆربەی گوندەکانی قەزای داقوق لە بەشی رۆژئاوای ناوچەکەدا هەڵکەوتوون و لە رابردوودا چەندین جار چەکدارانی داعش بە ماتۆڕسکیل هاتوچۆیان لەو ناوچانە کردووە و هەوڵی تێکدانی ئارامییان داوە.

قایمقامی داقوق ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو مەترسییانە و بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە دراوە، بەپێی راگەیاندنەکە، قەدەغەکە تەنیا ماتۆڕسکیل دەگرێتەوە و کاریگەری لەسەر هاتوچۆی هاوڵاتیان بە ئۆتۆمبێل نابێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا