فواد حسێن:
عێراق لە جەنگی ئەمریکا و ئێران 60 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە، عێراق 60 ملیار دۆلار زیانی بەرکەتووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فواد حسێن لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە رۆما کۆبووەتەوە و باسی لە زیانە ئابورییەکانی جەنگی ئەمریکا و ئێران کردووە لەسەر عێراق و وتوویەتی: جەنگی ئەمریکا و ئێران زیانی ئابوری بەرچاوی هەبووە، زیانەکانی عێراق لەو جەنگەدا بە نزیکەی 60 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی ئەمنیی و سەربازی کردووە، بەتایبەتی بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.
فواد حسێن سوپاسی پێگەی ئیتاڵیای کردووە لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە ساڵانی رابردوو لە شەری دژی تیرۆریزم و تێکشکاندنی داعش، هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ راهێنانکردن بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە.