پارێزەرێکی کەیسی دەستگیرکراوانی لالەزار وادەڵێت:
“لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برا بە چەپڵەلێدان و پێکەنینەوە چوونەدرەوە”
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
پارێزەرێکی کەیسی دەستگیرکراوانی لالەزار باسی کەشی ناو هۆڵی دادگا دەکات و دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برا بە چەپڵەلێدان و پێکەنینەوە هۆڵەکەیان جێهێشتووە و زیندانییەکەی پێشووشیان بۆ حیسابە.
بنەوشە رەفیق دوای دادگاییەکەی ئەمڕۆی دەستگیرکراوانی لالەزار قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، پێش ئەوەی دادوەرەکان بڕیاری خۆیان بدەن، لاهور شێخ جەنگی داوای کرد، حوکم ئەدەن با حوکمەم یاسایی و دادپەروەرانە بێ، نامهەوێ مەحکەمەی سلێمانی ناشیرین بکەن”.
“دوای ئەوەی بڕیارەکەش دەرچوو، شێخ لاهور دەستیکرد بە چەپڵەلێدان و لەگەڵ پۆڵادی برای بە پێکەنینەوە چوونەدەرەوە”، بنەوشە رەفیق وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سزا و زیندانییەی پێشتر کە دەستگیرکراوانی لالەزار بەڕێیانکردووە، بۆیان حیسابە و دەچێتە سەر سزاکەیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.10.2026 لە دادگای دوو تاوانەکانی سلێمانی، کۆتا دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار بەڕێوەچووە و دادگا بڕیارەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دا؛
-لاهور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزا درا
-پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا درا
-رێبوار حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانی سزا درا
-بە بڕیاری دادگا دوو لە گیراوەکان بەناوەکانی (کەیوان محەمەد و عومەر شێخە) ئازاد کران
-ئاراس و رەمەزان، دوو گیراوی دیکەی لالەزار بە بڕیاری دادگا یەک ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا دران
-گیراوەکانی دیکەی لالەزار بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا دران
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری