خاوەن کۆگایەک لە هەولێر:
هێلکە کەم بووە و زۆربەی بۆ شارەکانی عێراق دەڕوات
+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
هێلكە، كە خواردنێكی سەرەكی هاوڵاتییانە و یەكێكە لە پێداویستییە سەرەکییەکان، جگە لەوەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گران بووە، رێژەشی بەراورد بە هەفتەی رابردوو لە مارکێتەکاندا کەمی کردووە.
عەبدولرەحمان عومەر، خاوەنی کۆگایەکی کاڵا و شتومەکی رۆژانەیە لە هەولێر و بە 964ـی وت: پێشتر 100 بۆ 150 کارتۆن هێلکەمان دادەگرت لە کۆگاکەمان، بەڵام ئێستا بەزۆریش 30 بۆ 35 کارتۆن هێلکەمان دەدەنێ.
ئەو خاوەن کۆگایە باسی لەوە کرد هۆکاری کەمبوونەوەی هێلکە لە بازاڕەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی زۆری رەوانەی شارەکانی عێراق دەکرێت و خاوەن کۆگاکانی عێراق بۆ هەر کارتۆنێک بە کاش 80 هەزار دینار دەدەن.
ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کارتۆنێک هێلکە بە 74 هەزار دینارە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو نرخەکەی نزیکەی 10 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، یەک تەبەق هێلکەش لەئێستادا بە شەش هەزار و 500 دینارە.
هەفتەی رابردوو لەگەڵ بڕیاری بەزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، حکومەتی عێراق بڕیاری لابردن و دواخستنی باجی گومرگی لەسەر هێلکە، گۆشتی مریشک و گۆشتی ئاژەڵی هاوردە دا بۆ ئەوەی نرخی ئەو پێداویستیانەی رۆژانە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزنەبنەوە، بەڵام بڕیارەکە نارەزایەتی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و رایگەیاند، ئەو بڕیارە بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەخنکێنێت.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا