دوکانداران پەلەیانە
تاریکە بازاڕەکەى کەلار نۆژەن دەکرێتەوە
میلاد جەلال- گەرمیان
لە چوارچێوەی پرۆژەکانی خزمەتگوزاری و جوانکردنی سیمای شارەکە، دەستکراوە بە کارەکانی هەڵکەندن و نۆژەنکردنەوەی “تاریکە بازاڕ” لە قەزای کەلار، بە ئامانجی رێکخستنەوە و پێدانی سیمایەکی مۆدێرن بەو ناوچە بازرگانییە.
زەوی بازاڕەکە لە رابردوودا کێشەی زۆری بەرزی و نزمی هەبووە، بەڵام لە چوارچێوەی پرۆژە نوێیەکەی شارەوانیدا، پاش هەڵکەندن و تەختکردنی تەواوی زەوییەکە، بە بەردی “بی ئاڕتۆن” رووەکەی دادەپۆشرێت و رێکدەخرێتەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکان، ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ پیادەڕەو لەناو بازاڕەکەدا دروست بووە و بەو هۆیەوە بەشێک لە دوکاندارەکان ناچار بوون بە شێوەیەکی کاتی دوکانەکانیان دابخەن. ئەمەش نیگەرانی لای بەشێک لە کاسبکاران دروستکردووە بەهۆی وەستانی کارەکانیانەوە.
عەزیز محەمەد، یەکێک لە دوکاندارەکانی ئەو بازاڕە، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ خزمەتگوزارییەکە، داوای خێرا تەواوکردنی پرۆژەکە دەکات و دەڵێت: “پێمان خۆشە بازاڕەکە جوانتر دەکرێت، بەڵام دەمانەوێت زوو بۆمان تەواو بکەن، چونکە بەهۆی تێکدانی بازاڕەکەوە بێ بازاڕ بووین و کارەکانمان وەستاوە.”
ئەو دوکاندارە ئاماژەی بە خراپیی کاتی جێبەجێکردنی کارەکەش کرد کە هاوکاتە لەگەڵ دابەشکردنی مووچە و کاتی جووڵەی بازاڕ، و وتی: “ناچارم دوکانەکەم دابخەم تا ئەوکاتەی بازاڕەکە تەواو دەبێت. دڵمان خۆش بوو مووچە هاتووە و بازاڕی ئێمەش باش دەبێت، کەچی کۆڵانەکەمان بەهۆی کارکردنەوە ئاوهای لێهاتووە.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح