هەولێر

بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە دیزاینی فاشندا؛ نوێکارییەکی ئەی ئای لە پێشانگای هایتێکس

964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
کەڵکوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد (AI) لە بواری فاشن و دیزایندا، سەرنجی بەشداربووان و سەردانیکەرانی لە پێشانگای تەکنەلۆژیای “هایتێکس” لە هەولێر راکێشا و نزیکەى 6 هەزار سەردانیکەرى هەبوو.

میر بابان، خاوەنی “فاشن ئەکادیمیایی کوردستان” بە 964ی راگەیاند، لە کاری دیزایندا سوودیان لە ژیریی دەستکرد بینیوە، بە جۆرێک پێوانە (قیاسات) و زانیارییە پێویستەکانی دەدەنێ و ئەی ئایەکە بە ئاسانی و تەنیا بە کلیکێک، قالب و دیزاینی ئامادەکراویان دەداتێ.
ئەم پڕۆژەیە یەکێک بوو لە دەستپێشخەرییە سەرنجڕاکێشەکان کە لە پێشانگای تەکنەلۆژیای (هایتێکس – HITEX) لە هەولێر نمایش کرا. ئەمڕۆ هەینی کۆتا ڕۆژی پێشانگاکە بوو کە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، تێیدا بەرهەم و نوێکارییەکانی 150 کۆمپانیا و 30 بزنسی ناوخۆیی خرانە روو.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح