"بەشداری تیرۆری کردووە"

تۆمەتبارێکی تیرۆر لە هەولێر دەستگیرکراوە

ئەحمەد مستەفا

ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی و هەواڵگریدا تۆمەتبارێکی داواکراوی بە تۆمەتی تیرۆر لە پارێزگای هەولێر دەستگیر کردووە.

بەپێی راگەیاندنی ئاژانسەکە، ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەکان ئەنجام دراوە، ئەم زانیارییەکانە بوونەتە هۆی دیاریکردنی شوێنی تۆمەتبارەکە و دەستگیرکردنی.

ئاژانسەکە دەڵێت، تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی چواری یاسای تیرۆر داواکراو بووە و بەشداری لە ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی لە رابردوودا تۆمەتبار کراوە.

لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەشدا، بڕێک پارەی دراوی بیانی، پاسپۆرت و چەندین کارتی بانکی جۆراوجۆر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، ئاژانسەکە وردەکاری زیاتر لەسەر ناسنامەی تۆمەتبارەکە بڵاونەکردووەتەوە.