دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان

موقتەدا سەدر: باڵە چەکدارییەکەى رەوتەکەم هەڵدەوەشێنمەوە

وریا فەتاح

لەگەڵ کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان، رێبەرى رەوتى سەدرن سەربەخۆى عێراقى راگەیاند و داواى قەرەبوو دەکات لەو زیانانەى کە ئەمریکا لە عێراقى داون. دەشڵێت: بڕیارمدا بە هەڵوەشاندنەوەى باڵە چەکدارییەکەى رەوتەکەم.

موقتەدا سەدر، رێبەری ڕەوتی سەدر لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاوى کردووەتەوە، چەند بڕیارێکى راگەیاند کە ئەمانەن:

بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی “لیوای یەومولمەوعود” (لواء اليوم الموعود) و گۆڕینی “سوپای ئیمام” بۆ دامەزراوەیەک بە ناوی (مؤسسة أنصار الإمام المهدي).

داوا لە سوپای ئەمریکا دەکات قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەهۆی “داگیرکردنی” خاکی عێراقەوە دروست بوون، هەروەها داوا لە هەمووان دەکات سکاڵای یاسایی لەو بارەیەوە تۆمار بکەن.

هۆشداری داوەتە ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دراوسێ لە دەرئەنجامی دەستوەردان لە کاروباری عێراق، و ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستوەردان دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکان و مامەڵەکردن بە هەمان شێوە، بۆ ئەوەی عێراق نەخرێتە نێو ململانێ هەرێمییەکانەوە.

هیوای خواستووە ئەمریکا لەڕووی دیپلۆماسییەوە مامەڵەیەکی هاوتا بکات و خۆی بەسەر حکومەت و گەلی عێراقدا فەرز نەکات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، سەدر ئاماژەی بەوە کردووە کە “کۆتاییهاتنی داگیرکاری” پێویستی بە جێبەجێکردنی سێ هەنگاو هەیە لە ناوخۆی عێراقدا:
1. چەک تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت لە رێگەی بەرنامەیەکی ئاشکرا و واقیعییەوە کە جێی رەزامەندیی گەل و مەرجەعییەت بێت.
2. دەستبەرداربوون و دوورکەوتنەوەی دەستبەجێی سەرکردە سیاسییەکانی ئێستا لە کاری سیاسی، و کردنەوەی دەرگا بۆ کەسانی نوێ بە مەبەستی بنبڕکردنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی.
3. بەهێزکردن و کاراکردنی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان، بەتایبەتی هێزەکانی پاسەوانی سنوور.