فرۆشگەیەکی دراو دۆلاری ئەمریکی نیشانداوە _ وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتی
مەترسن
دواى جێگیرکردنى نرخى نوێى دۆلار؛ بانکى ناوەندى دڵنیایى دەدات
وریا فەتاح
بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی گۆڕانکاری لە نرخی فرۆشتنی دۆلاردا راگەیاند و بڕیاریدا لە رۆژی چوارشەممە (7ی تشرینی یەکەمی 2026)ـەوە، نرخی نوێی دۆلار بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی بانکی ناوەندی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە، نرخە نوێیەکانی مامەڵەکردن بە دۆلار بەم شێوەیە دەبن:
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی داراییەوە: 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک (واتە 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار).
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک (واتە 100 دۆلار بە 151 هەزار دینار).
نرخی فرۆشتنی دۆلاری نەختینەیی بە هاوڵاتیان: 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک (واتە 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار).
لە بەیاننامەکەدا، بانکی ناوەندی دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان و بازرگانان کە یەدەگی دراوی بیانیی عێراق زۆر بەهێزە و بەتەواوی بەشی هەموو داواکارییەکانی حەواڵەی دەرەکی، مامەڵەی بازرگانی، پڕکردنەوەی کارتە بانکییەکان و پێدانی دۆلاری نەختینەیی بە گەشتیاران دەکات، بەبێ بوونی هیچ کۆتوبەندێک.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە، بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە “هەنگاوێکی ستراتیژییە” بۆ جێگیرکردنی باری دارایی و پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی.
بانکەکە پێی وایە ئەم نرخە نوێیە دەبێتە هۆی:
پاڵپشتیکردنی بەرهەم و پیشەسازیی ناوخۆیی و دروستکردنی کێبڕکێی دادپەروەرانە لەگەڵ کاڵای هاوردەکراو.
رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنان لە کەرتەکانی دەرەوەی نەوت.
فراوانکردنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.
لە کۆتاییدا بانکی ناوەندی جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەر رێکارێک کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت و سەقامگیریی سیستمی دارایی عێراق بپارێزێت.