ئابڕوچوونێكی گه‌وره‌ له‌ ئه‌ڵمانیا

سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌ و سیخوڕی وڵاتێكی دیكه‌یه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئابڕووچوونێكی گه‌وره‌ و نوێ، هەواڵگری ئەڵمانیای هەژاند بە دەستگیرکردنی سەرۆکی پێشووی ده‌زگای هه‌واڵێگری ئۆگست هانینگ، بە تۆمەتی سیخوڕی و خیانەت و ئاشکراکردنی نهێنییەکانی دەوڵەت.

هانینگ دەبێتە باڵاترین بەرپرسی هەواڵگری، کە تا ئێستا دەستگیر کراوە و تۆمەتبار کراوە بە سیخوڕیکردن، ئه‌مه‌ پێشهاتێکه‌ هەڕەشەی تێکدانی متمانەی هاوبەشەکان دەکات لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیا.

هانینگ کە لە ساڵی 1998 تا 2005 سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا (BND) بووە، بەپێی راگه‌یاندراوێكی فەرمانگەی داواکاری گشتی فیدراڵی، هانینگ لە ماڵەکەی خۆی لە نۆردڤاڵد، نزیک شاری مونستەر لە باکووری ڕاین ڤێستفالیا- دەستگیرکراوە.

ئاماژەش بەوە نەکراوە کە گومانی سیخوڕیکردن بۆ کام لایەنه‌، به‌ڵام لێکۆڵەران ئۆفیسەکانی و شوێنەکانی پەیوەندیدارییان لە باڤاریا و بەرلین پشکنی.

جگە لە هانینگ کە تەمەنی 80 ساڵە، دەسەڵاتداران “مانفرێد دی”یان دەستگیرکرد، کە تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ کارمەندی دەزگای هەواڵگری بوو و لە ماوەی پۆستی سەرۆکی دەزگاکەشدا وەک سەرۆکی ئۆفیسی هانینگ کاری کردووە. گومانی ئەوە دەکرێت کە مانفرێد لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2022 زیاتر لە دوو هه‌زار فایلی نهێنی بۆ هانینگ گواستبێته‌وه‌، لە ناویاندا بەڵگەنامە زۆر هەستیارەکان، کە تەنیا بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی دانراون.

میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە، ئەو فایلانەی مانفرێد لە بەرامبەر پارەدانەکەدا گواستوویه‌تییه‌وه‌، ڕاپۆرتی نهێنی هەفتانەیان تێدایە کە لەلایەن راوێژکاری ئەڵمانیاوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت، کە زانیاری هەستیاریان تێدایە سەبارەت بە بابەتەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و سوپای رووسیا.

بەپێی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی داواکاری گشتی، هانینگ ئەم فایلانەی کڕیوە بۆ بەکارهێنانی لە کارە راوێژکارییە تایبەتەکاندا، کە ئەنجامی دەدا.

داواکاری گشتی بەرپرسی پێشووی هەواڵگری تۆمەتبار دەکات بەوەی ئەو راپۆرتە نهێنیانەی بەکارهێناوە بۆ داڕشتنی زانیارییە کورتەکان بۆ بریکارێکی نەناسراوی “دەزگایه‌كی هەواڵگری بیانی”.

داواکاری گشتی ئیدعای ئەوە دەکات هانینگ لەگەڵ بریکارێکی دیکەی هەواڵگری بیانیش لە پەیوەندیدا بووە، کە زانیارییە سیاسییەکانی بۆ گواستووه‌ته‌وه‌،  کە لانیکەم بەشێکیان لە ڕاپۆرتە نهێنییەکانەوە وەرگیراون کە لە مانفرێدەوە وەریگرتووە.

چۆن ئاشكرا بوو؟

هانینگ ساڵانێکە خزمەتگوزاری راوێژکاری تایبەت پێشکەش دەکات و پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەناو جیهانی بازرگانی و سیاسیدا لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکاندا دەپارێزێت، لەوانەش چین و رووسیا؛ هەروەها پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە.

دەسەڵاتداران چالاکییە شاراوەکانی هانینگیان ئاشکرا کرد کە لەمێژە شاراوەن، دوای لێکۆڵینەوەکان لە رۆڵی ئەو لە دۆسیەی رفاندنی منداڵانی کریستینا بلۆک، میراتگری زنجیرە چێشتخانە بەناوبانگەکانی ئەڵمانیا “بلۆک هاوس”.

بلۆک لە ساڵی 2025ەوە رووبەڕووی دادگاییکردن بووەتەوە بە تۆمەتی فەرمانی رفاندنی دوو منداڵە بچووکەکەی لە ساڵی 2023 لە دانیمارکەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کێشەی سەرپەرشتیکردن لەگەڵ هاوسەرەکەی پێشوویدا هەبووە، کە تۆمەتباری کردووە بە رێگریکردن لە بینینی ئەوان.

هانینگ بەشدار بوو لەم دۆسیەیەدا دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە یارمەتی بلۆکی داوە کە کەسانێك بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە په‌یدا بكات، بەپێی زانیارییەکانیش کارمەندانی پێشووی هەواڵگری ئیسرائیلیشیان لەخۆگرتووە. هەروەها لێکۆڵەران گومانیان هەیە کە دەستی هەبووبێت لە هەوڵێکی پێشووی بۆ رفاندنی منداڵەکان، تۆمەتێک كه‌ هانینگ رەتیدەکاتەوە.

لە کاتی هەڵمەت و لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە دۆسیەی “بلۆک”، ئەفسەرانی پۆلیسی تاوانکاری ئامێرێکی هەڵگرتنی دیجیتاڵییان دۆزیەوە کە زانیاری هەستیاری تێدایە، لەناویاندا بەڵگەنامەکانی ئەم دواییە کە سەرچاوەیان لە خزمەتگوزاری هەواڵگری بیانی ئەڵمانیاوە وەرگرتووە.

دۆزینەوەی ئەو ماددانە هەڵگری مەلەفی هەواڵگری نهێنی ئاشکرا بوون، لێکۆڵینەوەی جیا لە گومانی سیخوڕی و ئاشکراکردنی نهێنییەکانی دەوڵەتی لێکەوتەوە.

هانینگ رەتیدەکاتەوە هیچ بەشدارییەکی لە ئۆپەراسیۆنی رفاندنەکەدا هەبێت.

بەپێی رۆژنامەی بیڵدی ئه‌ڵمانی، هانینگ ساڵانێکە دوای دەستبەسەرداگرتنی موچەی خانەنشینییەکەی ڕووبەڕووی کێشەی دارایی بووەتەوە، ئەمەش لە مایه‌پووچبوونی بانکی به‌ڵتیک لە ساڵی 2019 سەرچاوەی گرتووە، دوای پلانێکی ساختەکاری کە لەلایەن كه‌سێكه‌وه‌ ئەنجامدرا.

هانینگ لە ساڵی 2017ەوە لە دەستەی چاودێری بانکەکەدا بووە، شانبەشانی ئەندەرس فۆگ راسموسن، سکرتێری گشتی پێشووی ناتۆ، هانینگ و راسموسن بەشدار بوون لەو سکاڵا یاساییانەی کە دژی بانکەکە تۆمارکرابوون، تا ئێستاش ڕوون نییە کە ئایا ئەمە پەیوەستە بەو چالاکییە سیخوڕییانەی کە پێیوه‌ تۆمەتبارە.