لە سعودیە

چوار قوتابیی کورد لە پێشبڕکێی هزری بیرکاری سەرکەوتن

ئەحمەد مستەفا

لە سعودیە، ئاڵای کوردستان لە نێوان 210 قوتابی نۆ وڵات و هەرێمدا بەرز کرایەوە، دوای ئەوەی چوار قوتابیی کورد لە پێشبڕکێی بیرکاریی هزریدا ئەنجامێکی درەوشاوەیان تۆمار کرد.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، پێشبڕکێکە بە بەشداریی قوتابیانی هەرێمی کوردستان، سعودیە، جەزائیر، تونس، میسر، سودان، فەلەستین، عێراق و مەغریب بەڕێوە چووە.

لە نێوان بەشداربوواندا، عەبدولڕەحمان ئاراز، قوتابیی قوتابخانەی کامبریج لە هەولێر، لە قورسترین ئاست، واتە H، پلەی یەکەمی بە ئاستی “زێڕینی باڵا”ی بەدەست هێنا.

لە پیرەمەگروونیش، هامنۆ و رۆڤار پلەی زێڕینیان وەدەست هێنا، لە کاتێکدا ڕاڤێل پلەی زیوی بەدەست هێنا.

وەزیر پیرۆزبایی لە قوتابییە سەرکەوتووەکان کرد و ئەم دەستکەوتەی بە بەڵگەیەک بۆ بەردەوامیی سەرکەوتنی قوتابیانی کورد لە ساڵی دووەمی بەشدارییان لەم پاڵەوانییەتییەدا دانا.