"کامێرای چاودێری دادەنرێت"
جارێکی دیکە گۆڕستانی گەورەی سۆران بووەتە زبڵخانە
ئاکام غەفور – سۆران
لەدوای پاککردنەوەی گۆڕستانی گەورەی سۆران، دیسانەوە گۆڕستانەکە بووەتەوە زبڵخانە و بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران دەڵێت، لەمەودوا کامێرای چاودێری دادەنێن.
پێنج مانگ لەمەوبەر، دوای کارێکی مەیدانی 964 لەسەر گۆڕستانەکە، فەرمانگەی ژینگەی سۆران هەڵمەتێکی بۆ پاککردنەوەی گۆرستانەکە ئەنجامدا و تێیدا بڕی 50 گەڵابە زبڵ و خاشاک فڕێدرا.
ئێستا لەبەردەم گۆرستانەکە جارێکی دیکە خۆڵ و خاشاک فڕێدراوەتەوە و بەشێکی زۆریان پاشماوەی کەرەستەی بیناسازین. هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە 964ـی راگەیاند، “ئیتر لەمەودوا بە یارمەتی پۆلیسی سۆران کامێرای چاودێری دادەنێین تا بزانین کێن ئەوانەی ئەو زبڵ و خاشاکانە لێرە فڕێدەدەن تاوەکو رووبەڕووی رێکاریی یاسایی بکرێنەوە.”
هەژار ماهیر وتیشی، لەگەڵ وەزارەتی ئەوقافیش گفتوگۆ دەکەن تاوەکو مامۆستا ئاینییەکانی دەڤەری سۆران رابسپێرن لە وتاری هەیینیدا خەڵک هۆشیار بکەنەوە پاشماوە لە نزیک گۆڕستانەکە فڕێ نەدەن، لەکاتێکدا شوێنی فڕێدانی پاشماوە نزیکە لە گۆڕستانەکەوە.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا