بێڕێزیان کردووە

بە فەرمانى عەلى زەیدى؛ ئەوانەى بەسەر ئاڵاى ئەمەریکادا رۆیشتن دەستگیرکران

وریا فەتاح

بە فەرمانى عەلى زەیدى سەرۆک وەزیران، ئەو کەسانەى لە میانى ئاهەنگەکانی “رۆژی سەروەری”دا سووکایەتییان بە ئاڵای ئەمریکا کردبوو، دەستگیرکران و رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێنەوە.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ (4ـى تشرینی یەکەمی 2026) بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر فەرمانی راستەوخۆی عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە تێوەگلاون لە بێڕێزیکردن بە ئاڵای ئەمریکا لە کاتی بەڕێوەچوونی یەکێک لە نمایشەکانی رۆژی سەروەریدا لە بەغدا.

وتەبێژەکەی فەرماندەی گشتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەدواداچوونەکان بەردەوامن و هەر کەسێک تێوەگلانی لەو کارەدا بسەلمێندرێت، بەپێی یاساکانی عێراق و نەریتە دیپلۆماسییەکان رێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، حکومەتی عێراق دووپاتی کردووەتەوە کە رێزگرتن لە هێماکانی دەوڵەتان و نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی دۆست لە عێراق، پابەندبوونێکی یاسایی و دیپلۆماسییە، هەر جۆرە پێشێلکاری و سووکایەتیکردنێکیش لەو بوارەدا، کەسانی سەرپێچیکار ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکاتەوە.