سەیدسادق
فریاى نەخۆشانى گورچیلە بکەون پێش ئەوەى کار لەکار بترازێت
بڕوا مەجید- شارەزوور
کێشەیەک رووبەڕووى سەنتەرەکانى شووشتنەوەى گورچیلە دەبێتەوە، وا سەرەداوەکەى لە سەنتەرەکەى نەخۆشخانەى شەهید شەوکەتى حاجى موشیر کە دەکەوێتە قەزاى سەیدسادق، دەردەکەوێت.
لەو سەنتەرە 35 نەخۆشى بەردەوام هەیە و رۆژانە 15 نەخۆشیان شوشتنەوەى گورچیلەیان بۆ دەکرێت، بەشێوەیەک هەر نەخۆشێک هەفتەى سێ جار شوشتنەوەى گورچیلەى بۆ دەکرێت.
لە سەنتەرەکەدا، ژمارەیەک لەو مواد و پێویستیانەى بۆ شوشتنەوەى گورچیلە بەکاردێن داویەتى لە کەمى، بۆیە بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە لە ئێستاوە هۆشدارى دەدات کە دەبێت بە زوویى و بەرلەوەى کاربکاتە سەر نەخۆشان، گرفتەکان چارەسەر بکرێن.
لەو سەنتەرانە بێ بەرامبەر، نەخۆشان شوشتنەوەى گورچیلەیان بۆ دەکرێت، بەڵام بە وتەى بورهان محەمەد کە هاوەڵى یەکێک لە نەخۆشەکانە، ئەگەر لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بیکەن، دەبێت بۆ هەر جارێک 250 تا 400 هەزار دینار بدەن.
لەبارەى ئەو کێشەیەوە، دکتۆر سەفین حەمەڕەش، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى سەیدسادق،”کەمى موادەمان پەیوەندى هەیە بە نێوانى کۆمپانیا و حکومەتى عێراق، ئێستا حکومەتى عێراق پارەیان ناداتێ و ئەوانیش ناچارن کە دەرمان نەکڕن.بۆیە داوا دەکەین بە زوویى چارەسەر بکرێت بەر لەوەى گرفت دورست ببێت”،
پێداچوونەوە: وریا فەتاح