هونەرمەندێکی کورد لەگەڵ ئەستێرەیەکی هۆلیود گۆرانی دەڵێت

پەرستۆ ساڵح-لایف ستایل

هونەرمەند ئالان قەرەداغی لەگەڵ سیلڤیا مۆریجی ئەستێرەی هۆلیود سەمای ڕۆحەکان لە ئیتاڵیاوە بڵاودەکاتەوە.

ماوەی هەفتەیەک دەبێت هونەرمەند ئالان عومەر، کارێکی بەناوی “بارانی خەم” بەشێوازو ستایلی یۆنانی، لەگەڵ گۆرانبێژ زینوێ ڕاوی، بڵاوکردەوە، وابڕیاریشە بەمنزیکانە کارێکی نوێ لەگەڵ هونەرمەند سیلڤیا مۆریجی، پێشکەش بکات.

ئالان قەرەداغی، لەبارەی کارە نوێیەکەی لەگەڵ هونەرمەند سیلڤیا مۆریجی، بۆ میدیازان وتی “پێش تەواوکردنی کلیپی بارانی خەم، پەیوەندیم پێوەکرا لەلایەن هونەرمەندی ئیتاڵی و هۆلیود، سیلڤیا مۆریجی، ئەو پێشنیازیکرد کە کارێك بەیەکەوە ئەنجامبدەین”.

میدیازان دەزانێت، هونەرمەند ئالان قەرەداغی بۆ ئەو دوێتە لەگەڵ هونەرمەند سیلڤیا مۆریجی، ماوەیەکە بەدوای کەسێك دەگەڕێ کە ئاوازێكی بۆ دابنێت کە ستایلەکەی لە کوردی و ئیتاڵی، نزیک بێت.

هونەرمەند ئەفشین شوکر، ئەو کەسەیە کە ئاواز بۆ گۆرانییە دوێتەکەی ئالان قەرەداغی و سیلڤیا مۆریجی داناوە.

ئالان قەرەداغی دەڵێت، ئاوازەکە ماوەی شەش مانگی خایاند، گۆرانیەکە تۆمار کراوەو ئێستا کاری کلیپی گۆرانیەکە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، لەلایەن دەرهێنەری ئیتاڵی، فرانچیسکۆ بۆ دەکرێت.

پێشتر کارێکی هونەری ئالان قەرەداغی بەناوی “دڵی ئەسیر” لە کەناڵێکی سویسری بڵاوبووەتەوە، ئەو پێیوایە بڵاوبوونەوەی گۆرانیەکەی لە کەناڵێکی سویسڕی گرنگی خۆی هەیە، بەو پێیەی لە دەرەوە پۆلێن بۆ بەرهەمەکان دەکرێت و بەپێی کوالێتی و باشی پاشان بڵاودەبێتەوە.

ئالان قەرەداغی، کوڕی هونەرمەندو ئاوازدانەری بەناوبانگکی کوردستان، ئەنوەر قەرەداغییە، یەکەم کاری بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ بڵاوکردووەتەوە.