مشکە فەنی بەتەمای گۆبەنە
کوردستان لە ڤایرۆسە تازەکە دوورە؛ ناوی بەربڵاوبووە
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ڤایرۆسە تازەکە دوورە لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی زانراوە لەنێوان مشک و مرۆڤ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە روویداوە، تا ئەو رادەی نەبێت بە گواستنەوە لەنێوان مرۆڤەکان، مەترسی دروست ناکات.
لە هەرێمی کوردستان و عێراق هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە، ئاسۆ زەنگەنە بەڕێوەبەری خۆپاراستن لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، ئەوان لە ئێستادا تەنیا پەیامی هۆشیاری بۆ خەڵک بڵاودەکەنەوەی بەوەی ئەو شوێنانەی مشک یان جرج-یان تێدایە پاک رابگیرێن و خۆیان لە بەرکەوتنیان بپارێزن.
ڤایرۆسی هانتا چییە؟
ڤایرۆسی هانتا کۆمەڵە ڤایرۆسێکن کە لە ڕێگەی مشک و جرج دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە لە نێوان 10 هەزار بۆ 100هەزار کەس لە جیهاندا تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبن.
چۆن دەگوازرێتەوە؟
سەرچاوەی سەرەکی: بەرکەوتن لەگەڵ پاشەڕۆ، میز، یان لیکی مشک و جرج.
هەوا: زۆربەی کات لە کاتی پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی جرجی لێیە، ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی هەواوە دەچێتە ناو سییەکان.
زنجیرەی ئەندێز (Andes): ئەمە مەترسیدارترین جۆرە و تەنها جۆرە کە دەتوانێت لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.
نیشانەکانی تووشبوون
نیشانەکان زۆرجار هەفتەیەک بۆ ٨ هەفتە دوای بەرکەوتن دەردەکەون:
1. تای بەهێز و ئازاری ماسولکەکان.
2. کێشەی کۆئەندامی هەرس.
3. لە ئەمریکا دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ئاو لە سییەکان (تەنگەنەفەسیی توند).
4. لە ئەوروپا و ئاسیا زیاتر زیان بە گورچیلەکان دەگەیەنێت.
ئایا چارەسەری هەیە؟
بەداخەوە تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی تایبەت یان ڤاکسینێک بۆ ڤایرۆسی هانتا نییە. چارەسەرەکان تەنها بریتین لە چارەسەری پاڵپشتیکار وەک بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و پێدانی شلەمەنی بۆ ئەوەی جەستە بتوانێت بەرگری بکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا