ژمارەیەک کەس تەنگەنەفەس بوون

ئاگرەکەى شارى مامۆستایان کۆنترۆڵکرا

964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر

ئاگرەکەى شارى مامۆستایان کۆنترۆڵکرا، بەڵام ژمارەیەک کەس لە دانیشتوانى پڕۆژەکە تووشى تەنگەنەفەسى بوون.

پەیامنێرى 964 لە شوێنى رووداوەکە رایگەیاند، ئاگرەکە لە نهۆمى خوارەوەى یەکێک لە باڵەخانەکانى پڕۆژەکە بووە و بەرز بووەتەوە بۆ سەرەوە، دواتر دووکەڵى ئاگرەکە تەواوى باڵەخانەکەى گرتووەتەوە.
یەکێک لە شایەتحاڵان بە 964ـى وت،”گوێمان لە دەنگى تەقە و هاوار بوو، بینیمان ئاگرەکە بەرز دەبێتەوە و خەڵک جامەکانى رێڕەوەکە دەشکێنن بۆ ئەوەى دووکەڵەکە بچێتە دەرەوە”.
وەک باسى دەکات ئەم دیمەنە کەمتر لە 10 خولەکى خایاندووە و تیمەکانى بەرگرى شارستانى ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام دووکەڵى ئاگرەکە لەناو باڵەخانەکە هەر مابوو تا جامەکان شکێندران.

تیمەکانى بەرگرى شارستانى لەرێگەى پەیژە بەرزەکانەوە ژمارەیەک کەسیان رزگارکرد کە گیریانخواردبوو، لە خوارەوە تیمەکانى تەندروستى چارەسەرى ئەو کەسانەیان دەکرد کە تووشى تەنگەنەفەسى ببون.
تائێستا هۆکارى ئاگرەکە نەزانراوە، بەڵاه هیچ حاڵەتێکى گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە، ئەوەى هەیە دانیشتوانى باڵەخانەکە تووشى شڵەژانێکى زۆر بوون.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح