ئەکسیۆس:

ئەمریکا دوو سیستمی بەرگریی رەوانەی سعودیە و قەتەر کردووە

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی رایگەیاند، سوپای ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا دوو سیستمی بەرگریی ئاسمانی ناردووەتە سعودیە و قەتەر بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە کێڵگە و دامەزراوە نەوتیی و گازییەکانی ئەو دوو وڵاتە.

ئەکسیۆس دەڵێت، ناردنی ئەو سیستمە بەرگرییانە بە ئامانجی ئەوەیە واشنتن هاوپەیمانەکانی دڵنیا بکاتەوە کە پاریزگاری لە دامەزراوەکانی وزەیان دەکات لە حاڵەتێکدا ئەگەردۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بریاریدا هێرش بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە.

لە نوێترین لێدوانیدا، ترەمپ رایگەیاند، بیر لەوە دەکاتەوە بۆردومان بۆ سەر ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوو دەستپێبکاتەوە و وتی: دەبێت بڕیارێک بدەم؛ یان ئێران رێککەوتنەکە واژۆ دەکات، یاخود چیدیکە بوونی نامێنێت.

مانگی رابردووش سوپای ئەمریکا سیستمێکی بەرگریی بۆ سعودیە نارد و سیستیمێکی دیکەشی بۆ قەتەر رەوانە کرد.

لە ماوەی رابردوودا سوپای ئەمریکا چەندین سیستمی بەرگریی و دژە مووشەکی لە فەرماندەییەکانی دیکەیەوە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و ئەمەش ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگی زیاتر کردووە.

جگە لە مانەش فڕۆکە، کەشتی جەنگی و سەربازی ئەمریکی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێن لە حاڵەتی دەستپێکردنەوەی جەنگ.

پێگەی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە دەڵێت، یەکشەممەی رابردوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری تیۆدۆر رۆزڤێڵت بە بێدەنگی شاری سان دیەیگۆی بەجێهیشتووە و بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتووە، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی 11ـی 2026دا بگاتە ناوچەکە.

رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ پێشتر بڵاویکردەوە، ترەمپ بە راوێژکار و نزیکەکانی گوتووە رەنگە لەدوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی 11 هێرشی سەر ئێران دەستپێبکاتەوە.