پرۆژەی رووناکی لەبارەی کورتەنامەی پچڕانی کارەبا بۆ هاووڵاتییان روونکردنەوە دەدات
964+
دیلان محەمەد جەزا-سلێمانی
پرۆژەی رووناکی لەرێی 964ـەوە لەبارەی ئەو کورتەنامەیەی بۆ هاووڵاتییان دەنێردرێت و ئاگاداریان دەکاتەوە کە ئەگەر پارەی پسووڵەی کارەبا نەدەن، کارەباکەیان دەپچڕێت روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ناردنی ئەو کورتەنامەیە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە.
بەشێکی زۆری هاووڵاتییان لە دوێنێ دووشەممەوە کورتەنامەیەکیان لەبارەی بڕینی خزمەتگوزاری کارەباوە پێدەگات و بووەتە هۆی نیگەرانییان. لە کورتەنامەکەدا هاتووە، کە ئەگەر بەزووترین کات پارەی پسووڵەی کارەبا نەدەیت، دووچاری بڕانی خزمەتگوزاری کارەبا دەبیتەوە.
پڕۆژەی رووناکی بۆ 964ـی پشتڕاستکردەوە، ئەو کورتەنامەیە لەرێی ئەوانەوە نێردراوە بۆ هاووڵاتییان و ئاگاداری بە هاووڵاتییان دەدات کە ناردنی کورتەنامەکە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە و پێویستە هاووڵاتییان بزانن کام لەو هۆکارانە دەیانگرێتەوە.
حاڵەتی یەکەم ئەوەیە، ئەو هاووڵاتییەی ئەو کورتەنامەیەی پێگەیشتووە، هێشتا پسووڵەی کارەبای سفر نەکردووەتەوە، بۆیە کورتەنامەکە دروستە و نابێت پشتگوێبخرێت.
لە حاڵەتی دووەم هاووڵاتییان دەتوانن کورتەنامەکە پشتگوێبخەن ئەگەر پارەی خزمەتگوزاریی کارەبایان دابێت و هیچ پسووڵەی نوێیان بۆ دەرنەچووبێت.
حاڵەتی سێیەم ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە کە پارەی پێشوویان داوە، بەڵام ئێستا پسووڵەی مانگی ئاب دەرچووە، بۆیە دەبێت ئی پسوڵە بپشکنن بۆ بینینی بڕی نوێی پارەدان.
پرۆژەی رووناکی هۆشداری بە هاووڵاتییانیش دەدات کە پێویستە لە هەموو حاڵەتەکاندا ئی پسوڵە بپشکنن و لەوێوە نوێترین بڕی نوێی پارەدان دەردەکەوێت.