7 چرکە لە دووەمەوە دوور بوو
قوتابییەکى کورد دووەمى جیهانە لە بیرکاریدا
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
سان سیزا، قوتابییەکی زیرەک و بەهرەمەندی شاری سلێمانییە، کە توانیویەتی ناوی خۆی و شارەکەی لەسەر ئاستی جیهان تۆمار بکات و مەدالیای زێڕ و پلەی دووەمی جیهان لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی بیرکاریدا بەدەست بهێنێت.
لە چوارچێوەی “شەشەمین ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی ستێم (STEM)”، کە پاڵەوانێتییەکی ئۆنلاینە و قۆناغەکانی لە نێوان (1ی شوبات بۆ 16ی شوبات)ى ئەمساڵ بەڕێوەچوو، سان سیزا بەشداریی لە بەشی بیرکاریدا کرد. پاش بەشداریکردنێکی سەرکەوتووانە، توانی بگاتە قۆناغی کۆتایی و بڕوانامەی دەستکەوت و مەدالیای زێڕ مسۆگەر بکات.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لە ئاستی زیرەکیی ئەم قوتابییە کوردەدا، خێراییەکەیەتی لە شیکارکردنی پرسیارە قورسەکاندا. سان توانیویەتی سەرجەم پرسیارەکانی قۆناغی کۆتایی تەنیا لە ماوەی (9 خولەک و 23 چرکە)دا وەڵام بداتەوە. ئەو بە جیاوازییەکی زۆر کەم و تەنیا بە (7 چرکە) لە دوای پاڵەوانی یەکەمی جیهانەوە بوو، کە قوتابییەکی وڵاتی ئۆزبەکستانە.
سان، نەوەی جەمال عەبدول، پارێزگاری پێشووتری سلێمانییە. وەک خۆی دەڵێت: بیرکارى و وەزرش خولیامە، بەڵام دەبم بە پارێزگار.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح