باڵیۆزی عێراق لە ئێران:
فڕۆکەخانەی نەجەف بەرووی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێراندا دەکرێتەوە
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
دواى چوار رۆژ لە وەستانى گەشتەکانى، بڕیارە لە 24 کاتژمێرى داهاتوودا، فڕۆکەخانەى نەجەف گەشتەکانى بەڕووى ئێراندا بکاتەوە.
یاسر عەبدولزەهرە ئەلحەجاج باڵیۆزی عێراق لە ئێران بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى وتووە،”هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان عێراق و ئێران و بڕیارە لە 24 کاتژمێرى داهاتوودا، فڕۆکەخانەى نەجەف گەشتەکانى بەڕووى فڕۆکە ئێرانییەکاندا بکاتەوە”.
بەوتەى یاسر، حکومەتی عێراق هیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ راگرتنی گەشتەکان لە ئێرانەوە، بەڵکو هەندێک کۆمپانیای بیانی خزمەگوزارییەکانیان راگرتووە بۆ ئەوەی خۆیان لە سزاکانی ئەمریکا بەدووربگرن.
هەفتەی رابردوو چەند وڵاتێکی ناوچەکە، لەنێویشیاندا عێراق، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران راگرت، دوای ئەوەی واشنتن بڕیاریدا سزاکانی تووندتر بکاتەوە بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانی ئێران.
فڕۆکەخانەى نەجەف تا 25ـى ئەم مانگەش گەشتەکانى رانەگرتبوو و فڕۆکە ئێرانییەکان لەوێ دەنیشتنەوە، بەڵام لەو رۆژەوە ئەو فڕۆکەخانەیەش چیتر پێشوازى لە فڕۆکە ئێرانییەکان نەکرد.