دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا - وێنە؛ ئەرشیف
"نرخی نەوت دادەبەزێتەوە"
ترەمپ: بەمزووانە لە شەڕی ئێران سەرکەوتن بەدەست دەهێنین
شۆڕش قادری
ترەمپ دەڵێت، بەمزووانە بەسەر ئێراندا سەردەکەون و بەوەش نرخی نەوت دادەبەزێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تازەترین لێدوانێدا بە کەناڵی فۆکس نیوزی وتووە، “پێموایە زۆر بەزوویی لە شەڕی دژبە ئێران سەرکەوتن بەدەست دەهێنین و داوای ئەوەی ئەو وڵاتەمان تێکشکاند، نرخی نەوت دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی، واتی ئاستی پێش جەنگ”.
“گەڕانەوە بۆ هێرشە سەربازییەکان رێی تێدەچێ، بەڵام نامهەوێ بەڕوونی ئەوە ئاشکرا بکەم”، ترەمپ وای وت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەردوو بەرەی سەربازی و ئابووری سەرکەوتن بەسەر ئێراندا بەدەست دەهێنن و خاڵە سەرەکییەکە ئەوەیە کە چیدی تاران ناتوانێ ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە تواناکانی لەم بوارەدا لەناوچوون.
پێشتریش ترەمپ رایگەیاندبوو کە ئەگەری زۆرە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا کە مانگی 11 بەڕێوەدەچێت، هێرشی سەربازی بکەنەوە سەر ئێران.
ئەم قسانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو و لە پەراوێزی لوتکەی کۆمەڵەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیف ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر یەک مێز دانیشتن، عێراقچی رایگەیاند، حەوت مەرجیان داوەتە ئەمریکا و ئەگەر پێیان رازی بن، بەمزووانە گەرووی هورمز دەکەنەوە، دواتر میدیای ئەمریکا ئاشکرایکرد کە واشنتن بە مەرجەکانی تاران رازی نەبووە و ناشبێت.