نەژاد عەبدوڵا باسیان دەکات

لیژنەی دەچنە لای باوکی یارا و مامەڵەش لە پەروەردە ئاسان بووە

رازاو محەمەد – سلێمانی

نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێ، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی قوتابییە تەمەن 10 ساڵەکە بەردەوامە و ئەمڕۆ لیژنە باوکی دەبینن.

لەبارەی سیستمە نوێیەکەی پەروەردەی سلێمانی بۆ بەدیجیتاڵیکردنی مامەڵەش قسەی بۆ 964 کرد و وتی، کاری دوو رۆژی کردووە بە یەک خولەک.

ئەو لەبارەی کەیسی یارا قوتابییە 10 ساڵەکەی بەهۆی بەرکەوتنی بە دەرگا لەناو قوتابخانەکەی هەفتەی پێشوو گیانی لەدەستدا وتی، ئەگەر خێزانی قوتابییەکە سکاڵایان هەبێت، رەوتی لێکۆڵینەوەکە بە ئاراستەیەکی تر دەڕوات، بەڵام تا ئێستا کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکان نەهاتووە.

لە هەمان کاتدا، باسی لە دەستپێکردنی سیستەمی دیجیتاڵی DMS لە پەروەردەی سلێمانی کرد و گوتی پەروەردە بە تەواوی لە قەڵەم و کاغەز دوورکەوتووەتەوە. بەپێی وتەکانی، لە ماوەی چارەکێکدا 70 مراجع بە شێوەی دیجیتاڵی مامەڵەکانیان تەواو کردووە.

ئەو سیستەمە پەیوەندییەکان لەنێوان پەروەردە، وەزارەت، قەزا و ناحیەکان بە شێوەی دیجیتاڵی رێکدەخات و کاتی مامەڵەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا