دیمەنی نۆرەگرتنی شۆفێران لە بەنزینخایەکی هەرێمی کوردستان - وێنە؛ ئەرشیف
هەڵەبجە
بەهۆی گۆڕینی تابلۆی رەسەنەوە ئۆتۆمبیلێک دەستی بەسەرداگیرا
ئەحمەد مستەفا
لیژنەی سووتەمەنی سەر بە قایمقامییەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە رایگەیاند، لە چوارچێوەی چاودێرییەکانیان، ئۆتۆمبێلێکیان دەستبەسەر کردووە کە شۆفێرەکەی هەوڵی دەستکاریکردن و گۆڕینی تابلۆی ررەسەنی ئۆتۆمبێلەکەی داوە.
بەپێی ئاگادارییەکەی لیژنەکە، دوای ئەوەی ساختەکارییەکە ئاشکرا کرا، ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ و بە شێوەیەکی فەرمی رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە کراوە، بۆ ئەوەی رێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر شۆفێرەکە بگیرێتەبەر.
لیژنەی سووتەمەنی هەڵەبجە لە هەمان کاتدا هۆشدارییەکی توندی بە سەرجەم هاوڵاتییان و شۆفێران داوە و جەختی کردووەتەوە کە چاودێرییەکان لەسەر پرۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنی بەردەوام دەبن.
لیژنەکە هەروەها رایگەیاندووە، هەر کەسێک بە مەبەستی سەرپێچیکردن یان بەدەستهێنانی سووتەمەنی بە شێوەی نایاسایی پەنا بۆ ساختەکاری ببەرێت، رووبەڕووی رێکارە یاساییەکان دەکرێتەوە و لەسەر سەرپێچییەکەی لێپرسینەوەی یاسایی لێ دەکرێت.
بەرپرسان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەردەوامبوونی چاودێری و پشکنین، بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر جۆرە دەستکاریکردن و سەرپێچییەک لە پرۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنی، لە پلانی کاری لیژنەکەدا بەردەوام دەبێت.