"منداڵی کەم ئەندامم هەیە و ناتوانم بە 1500 دینار بەنزین تێکەم"
شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان داوای بەنزینی 750 دیناری دەکەن
دەریا ئەحمەد – کۆیە
دژی پێنەدانی بەنزینی 750 دیناری، بەشێک لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە کۆیە گردبوونەوە و دەڵێن، “بەنزینمان پێ نەدەن، خەڵکێکی زۆر دێتە سەرجادە، چارەمان بکەن با ئاژاوە دروست نەبێ”.
شەفیق کەریم یەكێک لەو شۆفێرانە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “خەڵکمان تێدایە رۆژانە نەخۆش دەباتە نەخۆشخانەی هیوا، من خۆم منداڵی کەم ئەندامم هەیە، بۆم دەرنایەنێ بە 1500 دینار بەنزین تێبکەم”.
“ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار بڕیارێک لە بەرژەوەندی هەموو شۆفێران نەدا، لەوانەیە خەڵکانێکی دیکە بێنە سەر خەت، دایانناوە بێنە بەردەم بەنزینخانەکان، بەڵام ئێمە حەزناکەین، ئاژاوە دروست ببێ”، شەفیق کەریم وادەڵێت.
رێکەوت قادر شۆفێرێکی دیکەیە و دەڵێت، “دەڵێن سەیارە بێ سەرەتاکان بەنزین وەردەگرن و دەیفرۆشنەوە، خۆ رەقەمیشم پێبێ دەتوانم بیفرۆشمەوە”.
هەفتەی رابردوو و رۆژی 23ـی ئەم مانگە، لیژنەی سوتەمەنی لە قایمقامیەتی کۆیە بڕیاریدا چیتر بەنزینی 750 دیناری نەدرێت بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و ئەوەش ناڕەزایی شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانەی لێکەوتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری