دوای ژەهراویبوونی ژمارەیەک هاوڵاتی

خواردنی سەر عارەبانە نەما و تەندروستیش رێکاری تازەی گرتەبەر

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دوای ژەهراویبوونی ژمارەیەک هاوڵاتی بەهۆی خواردنی سەر عارەبانە لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر، هەموو کۆشک و عارەبانچییەکان لابران و تەندروستیش رێکاری تازەی گرتەبەر.

ئیوارەی رۆژی سێشەممە 22.9.2026 لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر، زیاتر لە 60 کەس کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو، دوای خواردنی لەفەی سەر جادە ژەهراویبوون و رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانە کران، دواتر پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی دوو کەسی لەسەر ئەو بابەتە راگەیاند کە دەوترێ بە شاورمەکەی ئەوان، ئەو خەڵکە تووشبووە.

ئەمشەو پەیامنێری 964 چووەتەوە ئەو گەڕەکە و بینیویەتی کە هیچ کۆشک و عارەبانەیەک لەسەر جادەکە نەماوەتەوە و کۆکراونەتەوە.

د. بێریڤان عەدنان بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر بە 964ـی وت، “بۆ لەمەودوا هەر کەسێک بیەوێ لەسەر کۆشک و عارەبانە خواردن بفرۆشێ، دەبێ کارتی تەندروستی هەبێت، ئەگەرنا مەجالی ئیشکردنیان پێ نادرێت”.

سەبارەت بە بابەتی ژەهراویبوونەکەش، د. بیریڤان وتی، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، هەرکات گەیشتن بە ئەنجامێکی کۆتایی، بۆ رای گشتی ئاشکرای دەکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری