لە نزیک گوندی قوڵەبەرزی گەرمیان

لە رووداوێکی هاتوچۆدا دوو کەس برینداربوون

ژێوار خدر

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا سۆرینتۆ کە بە ئاڕاستەی کەلار رۆیشتووە، لە نزیک گوندی قوڵەبەرز کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا، بەو هۆیەشەوە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، بریندارەکان ژنێکی لەدایکبووی ساڵی 1994 و کچێکی تەمەن 5 ساڵان بوون، دوای رووداوەکە، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید ئەحمەد کەلاری لە ناحیەی باوەنور کراون و پزیشکەکان رایانگەیاند کە باری تەندروستییان جێگیرە.

دەشڵێت، تیمەکانی هاتوچۆ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لە هۆکار و چۆنییەتی رووداوەکە دەستپێکردووە، تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە رووننەکراوەتەوە، بەڵام تیمەکان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی زانیاری بۆ دیاریکردنی هۆکاری کۆنتڕۆڵ لەدەستدانی ئۆتۆمبێلەکە.