تەندروستی هەولێر:

“رۆژانە 40 کەس دەمرن و 150 منداڵیش لەدایک دەبن”

شۆڕش قادری

بەپێی ئەو کەسانەی رۆژانە سەردانی نووسینگەی لەدایکبووان و مردووانی هەولێر دەکەن، هەموو رۆژێک نزیکەی 150 منداڵ لە پایتەخت لەدایک دەبن و 40 کەسیش دەمرن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی دروستبوونی جەنجاڵی و قەرەباڵغی لەناو نووسینگەی لەدایکبووان و مردووان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “زۆرێک لە هاوڵاتیان رۆژانە سەردانی نووسینگەکە دەکەن بە مەبەستی راییکردنی مامەڵەکانیان کە بریتیە لە  تۆمارکردنی هەموو لەدایکبوون و مردنێک کە لە شاری هەولێر دەبێت، لە نووسینگەکە رۆژانە نزیکەی 250 مامەڵە رایی دەکرێت و گشت تۆماری هاوڵاتیانی تێدا تۆمارکراوە ، لە ساڵانی پەنجاکانەوە تا ئەم ڕۆژە”.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی سەردانکەرانی نووسینگەکە، ئێستاکە لە هەولێری پایتەخت، رۆژانە نزیکەی 150 منداڵ لەدایک دەبن و 40 هاوڵاتیش گیان لەدەست دەدەن و پێویستیان بە بەڵگەی مردن هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دەشڵێت، پلانیان هەیە نووسینگەی لەدایکبووان و مردووان بگوازنەوە باڵەخانەیەکی نوێ و سەردەمیانە و هەرکات تەواو بوو، بە سیستمێکی تازە و پێشکەوتوو خزمەتی هاوڵاتیان دەکەن.

دەقی روونکردنەوەکەی تەندروستی هەولێر لە خوارەوە؛

ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی..

بۆ ڕایی گشتی ڕوونی دەکەینەوە کە نوسینگەی لەدایک بووان و مردووان  ڕۆژانە زۆرێک لەهاوڵاتیان سەردانی دەکەن بۆ مەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان کە بریتیە لە  تۆمار کردنی هەموو لەدایک بوون و مردنێک کە لە شاری هەولێر دەبێت، ئەم نوسینگەیە گشت تۆماری هاوڵاتیانی تێدا تۆمارکراوە لە ساڵانی پەنجاکانەوە تا ئەم ڕۆژە.

و لەئیستادا لە هەولێری پایتەخت ڕۆژانە نزیکەی (١٥٠) منداڵ لەدایک دەبن و بەپێی سەردانەکرانی مامەڵەکان  (٤٠) هاوڵاتی ئەمری خوا دەکەن، پێویستیان بە بەڵگەی مردن هەیە، ئەوە جگە لەو هاوڵاتیانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژێن و پێویستیان بە هەمان مامەڵەیە بۆ ڕایی کردنی مامەڵەی ئیقامە و جنسیەی ئەو وڵاتەی لێی دەژێن.

لە کاتی ئاسایی بۆ مامەڵەی کارتی نیشتیمانی دەرکردن یاخود نوێ کردنەوەی تەنها لەکاتی دروست بوونی ئاڵۆزیەک لە دۆکیومێنتەکانی هاوڵاتی لە ئەرشیفی ناو کارتی نیشتیمانی داواکاری (وێنەی تۆمار و ڕاست و دروستی ) کە دەکاتە (صورە قید وصحە صدور) ی لێ دەکرا بەوەش ڕۆژانە مامەڵەکان دەگاته (٧٠ تاوەکوو ٩٠) مامەڵە، بەڵام لەماوەی ڕابردوو بەغدا فەرمانی دەرکرد بەوەی هەر منداڵێک و هەر هاوڵاتیەک بۆ دەرکردن و نوێ کردنی کارتی نیشتیمانی و هەر هاوڵاتیەک پاش مردنی بۆ ڕایی مامەڵەی مراندنی لەکارتی نیشتیمانی دەبێ صورە قید و صحە صدور بێنێ بەوەش  هاوڵاتیەکی  زۆر ڕووی لەم نوسینگەیە کرد و بوە هۆی جەنجاڵی کە ڕۆژانە  سەردانکەران  بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان گەیشتە  نزیکەی (٢٥٠ ) مامەڵە لە یەک ڕۆژدا.

هەر لەبەر گرنگی ئەو نوسینگەیە و بایەخ دان و خزمەتی هاوڵاتیان، لەپلان دایە نوسینگەی لەدایکبووان و مردووان بگوازرێتەوە باڵەخانەیەکی نوێی و سەردەمیانە بۆ باشتر ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان و شوێنێکی فراوانتر ، وە دوای تەواوبوونی باڵەخانەکە دەست بەجێ دەگوزارێتەوە بەسیستەمێکی نوێکاری دەخرێتەوە خزمەت هاوڵاتیان.