"زیادەڕۆیی و مەترسیشە"

بەنزین فرۆشەکانی سەرجادە لە هەولێر لادەبرێن

شۆڕش قادری

بەنزین فرۆشەکانی سەرجادە لە هەولێر لادەبرێن، شارەوانی دەڵێت، جگە لەوەی ئەمە کارێکی زیادەڕۆییە، مەترسیشە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان و بەنزین فرۆشەکان خۆیشیان.

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، لە پێناو پاراستنی سیمای شار و رێگریکردن لە زێدەڕۆیی، ئەمشەو تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی دوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هەڵمەتێکی فراوانی لابردنی بەنزین فرۆشەکانی سەر شەقامەکانیان دەستپێکرد”.

دەشڵێت، ئەم دیاردەیە لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەبێ هیچ مۆڵەت و مەرجی سەلامەتی و رەچاوکردنی کوالێتی و رێنماییەکان، بەنزینی خراپ بەسەر هاوڵاتیان و شوفێراندا ساغ دەکەنەوە.

هەڵمەتەکە لە هەردوو شەقامی بەحرکە و بەختیاری دەستی پێکردووە و شەو و رۆژبەردەوام دەبێت تا ئەو دیاردەیە بە تەواوی بنبڕ دەکرێت.

وەک شارەوانی هەولێر دەڵێت، جگە لە ناشرینکردنی سیمای شار، ئەم کارە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر گیانی خودی فرۆشیارەکانیش، لەبەرئەوەی هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە و ئەگەری رووداوی نەخوازراو و کەوتنەوەی ئاگریشی زۆرە.