بەشێکى نوێ کراوەتەوە هەزار و یەک هەلى کارى هەیە

هەواڵێکى خۆش بۆ ئەوانەى لە پۆلى 12 نمرەى کەمیان هێناوە


وریا فەتاح

ئەگەر دەرچووى پۆلى 12 و نمرەکەت لە 60 تێناپەڕێت، خەم مەخۆ، زانکۆى سلێمانى بەشێکى نوێى کردووەتەوە کە لە دوارۆژدا هەزار و یەک هەلى کارت بۆ دەرەخسێنێت.

بەشەکە ناوى پەروەردەى دەروونزانییە، بۆ یەکەجارە لە مێژووى زانکۆى سلێمانیدا دەکرێتەوە کە سەر بە کۆلێژى زانستە مرۆڤایەتییەکانى زانکۆى سلێمانییە، بەڵام لە شارۆچکەى سەیدسادقە.
کۆلێژە نوێیەکە، کۆنمرەى 55ى پارالێل و 60ـى ئاساى وەردەگرێت، بە وتەى بەرپرسانى بەشەکەش ئەگەر لە سلێمانى بوایە بێ سێ و دوو دەبوو کۆنمرەى 75 بەسەرەوەت هەبوایە.

د. لوقمان محەمەد، یاریدەدەری راگری کۆلێژی پەروەردەی زانستە مرۆڤایەتییەکانی سەید سادق، بە 964ـى وت،”ئەوەی ئەم بەشە لە بەشەکانی دیکە جیادەکاتەوە، زۆری و هەمەجۆریی هەلی کارە بۆ دەرچووەکانی. چونکە دەتوانن وەک راوێژکاری دەروونی و پەروەردەیی لە دادگاکان، نەخۆشخانەکان و ناوەندەکانی خوێندندا کار بکەن، یان دەتوانن سەنتەری راوێژکاریی دەروونیی تایبەت بە خۆیان بکەنەوە. هەر ئەوەشنا، دەتوانن لە قوتابخانەکانیش بۆ وانەى دەرونزانى وەک مامۆستا وانە بڵێنەوە.
خۆ ئەگەر ئەم بەشە تەواو بکەیت و حەزوخولیات لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هەیە، دەتوانیت لە ریزى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکاندا کاربکەیت، وەک د. لوقمان دەڵیت: پسپۆڕانی ئەم بەشە دەتوانن لە کاتی جەنگ و ململانێکاندا ئەندازیاری “شەڕی دەروونی” بن، کە تیایدا کار دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سەربازەکانی خۆیان و لە هەمان کاتیشدا تێکشکاندنی ورەی دوژمن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح