بۆ دانانی رادار وتونێل

پسپۆڕانی سوپای پاسداران سەردانی بابولمەندەب و دەوروبەرییان کردووە

ئەحمەد مستەفا

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP) بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی سەربازیی نزیک لە حوسییەکان، رایگەیاندووە کە پسپۆڕانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی ناوچەی بابولمەندەب لە یەمەن و ناوچەکانی دەوروبەرییان کردووە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، مەبەستی ئەو سەردانانە تاوتوێکردنی جێگیرکردنی سیستەمی رادار لە نزیک بابولمەندەب و هەروەها سەرپەرشتیکردنی کارەکانی هەڵکەندنی تونێل لە ناوچە شاخاوییەکانە کە دەڕواننە سەر گەرووە ئاوییەکە.

سەرچاوەکان بە فرانس پرێسیان وتووە، پسپۆڕە ئێرانییەکان کە لەگەڵ حوسییەکان کار دەکەن، سەردانی بابولمەندەب، بەندەر و فڕۆکەخانەی مەخا و هەروەها سەربازگەی جەبەل نار لە رۆژهەڵاتی مەخایان کردووە.

بەپێی هەمان زانیاریی، ئەم پسپۆڕانە لە حودەیدەوە هاتوون و لە نێوان رۆژانی پێنجشەممە و هەینیی رابردوودا، چەند سەردانێکی جیاوازیان بۆ ئەو ناوچانە ئەنجام داوە.

بابولمەندەب یەکێکە لە گرنگترین گەرووە ئاوییەکانی جیهان و لە نێوان یەمەن و جەزیرە عەرەبی و ئەفریقا هەڵکەوتووە، ئەم گەرووە رێگایەکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی کەشتییە بازرگانییەکان لە نێوان دەریای سوور و خلیجی عەدەن و لەوێوە بەرەو دەریای عەرەب و ئوقیانووسی هیند.

لە ساڵانی رابردوودا، بابولمەندەب بووەتە یەکێک لە ناوچە سەرەکییەکانی ململانێی سەربازی و ئەمنی لە ناوچەکە، بە تایبەتی لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.

ئەم هەڕەشانە کاریگەرییان لەسەر هاتوچۆی کەشتییەکان و رێگای بازرگانیی نێوان ئەسیا، ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە