ئەمە بۆ کارئاسانییە

دادگای نەینەوا بەتەنیا وتە لە رزگاربووانی ئێزدی وەردەگرێ

ئەحمەد مستەفا

دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا، سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فەرمانێکی فەرمی بۆ سەرجەم دادگا و دەسەڵاتە دادوەرییەکانی سەر بە سەرۆکایەتییەکەی دەرکردووە.

بۆ ئەوەی لە کاتی تۆمارکردنی وتەکانی رزگاربووانی ئێزدی، زۆرترین ئاسانکاری بۆیان بکرێت و تایبەتمەندیی دۆخیان لەبەرچاو بگیرێت.

رائید حەمید موسڵیح، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا فەرمانەکەی واژۆ کردووە، بەپێی ناوەڕۆکی فەرمانەکە، دەبێت رزگاربووان بتوانن بە ئازادی وتەکانیان دەرببڕن و وتەکانیان بە تەنیا و بێ ئامادەبوونی کەسانی دیکە تۆمار بکرێت.

هەروەها، دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتیی رزگاربووان دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەتی ئەوانەی لە قۆناخە سەرەتاییەکانی بەدواداچوونی دۆسییەکاندا نەیانتوانیوە ناوی تاوانباران بە تەواوی ئاشکرا بکەن.

ئەم هەنگاوە بە پشتبەستن بە یاسای رزگاربووانی ئێزدی ژمارە 8ی ساڵی 2021 هەڵگیراوە، کە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری و پشتگیریی رزگاربووانە.