مەلا یاسین: کاک فاروق ملیاردێرەو منیش سەروو 5 ملیۆن دۆلارم هەیە
مەلا یاسین باسی سەروەتەکەی دەکات و دەڵێت ١٠٠ کچ و کورم بە یەک گەیاندوە
ژووری هەواڵ
مەلا یاسین دەڵێ من سامانەکەم ئاشکرا دەکەم و لەو 10 هەزار کەسەم لە عێراقدا کە لە سەروو پێنج ملیۆن دۆلارمان هەیە، کاک فاروقی مەلا مستەفاش لە ملیاردێرەکانەو ناتوانێت بیشارێتەوە.
یاسین مەحمود رەشید کە لە ناو خەڵکی بە (مەلا یاسین) بەناوبانگە، هەم وەبەرهێنێکی دیارەو هەم وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنانی کوردستانە، باسی حاڵی وەبەرهێنان دەکات لە کوردستان و دەڵێت ”راستە 83 ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان کردووە، بەڵام ئێستا حاڵی کەرتی نیشتەجێبوون باش نییە و بازاڕیان خراپە”.
ئەمڕۆ لە هۆتێل گراند میلینیۆم لە سلێمانی (لوتکەی ئابووری سلێمانی بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان) دەستی پێکرد، ئەم دیدارە دوو رۆژ دەخایەنێت و دامەزراوەی ڤیژن فاوندەیشن بەڕێوەی دەبات، سەرۆک کۆمارو سەرۆکی هەرێم و بەرپرسە گەورەکان و زۆربەی وەبەرهێن و بازرگانەکان لەوێ بوون، لە ناو میوانەکاندا مەلا یاسین هەبوو، پەیامنێری 964 بە دەرفەتی زانی و حاڵی وەبەرهێنانی لێ پرسی.
مەلا یاسین دەڵێ ”کێشەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون ئەوەیە تێچوویان زۆرەو بەهەموو کەس ناکڕدرێت، هەرچەندە پرۆژە هەیە تا 100 هەزار دۆلار لە نرخەکەی هاتووەتە خوار.
مەلا یاسین خەم بۆ ئەوە دەخوات کە عێراق لە یاساکانی وەبەرهێناندا خەریکە پێش هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوەو دەڵێ ”ئەمە راستییەکی تاڵە دەبێ بیڵێم، عێراق خەریکە یاسای زۆر باش دەردەکات، بۆیە زۆربەی وەبەرهێنەکانمان دەچنە ئەوێ”.
کاتێک پرسیاری سامانەکەی لێ کرا ئاخۆ ئاشکرای دەکات؟ مەلا یاسین وتی لە عێراقدا 10 هەزار کەس هەیە کە سامانەکەیان سەروو 5 ملیۆن دۆلارە، من یەکێکم لەوانە”.
مەلا یاسین پێشتر لیستێکی بڵاوکردبووەوە بە ناوی ئەو کەسانەی سامانەکەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو ناوی فاروقی مەلا مستەفا لەناو لیستەکەدا بوو، جا لە چاوپێکەوتنێکی پێشووتری 964 فاروقی مەلا مستەفا وتی ”ئەو لیستەی مەلا یاسین وا نییە”، ئەمڕۆ مەلا یاسین وتی ”کاک فاروق سامانەکەی لە سەروو ملیار دۆلارەیەو ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە”.