بودجە نییە بۆ نۆژەنکردنەوەی
تاقانە یاریگاکەی کەسنەزان شەکەت و ماندوو بووە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
گەنجان و وەرزشوانانی ناحیەی کەسنەزان بەهۆی تێکچوونی یاریگاکەیان کۆبوونەوە و داوای نۆژەنکردنەوەی ئەو یاریگایەیان کرد، بەڕێوەبەری ناحیەکەیان بە 964ی وت، ئێستا بودجەی پێویستیان لەبەردەست نییە.
كرمانج ڕەقیب، راهێنەری یانەی کەسنەزان، بە 964ی راگەیاند، یاریگاکە 17 ساڵە دروستکراوە و لەو ماوەیەدا نۆژەن نەکراوەتەوە. بە وتەی ئەو، ژمارەی تیپەکان لە 18ەوە بۆ هەشت تیپ دابەزیوە و نەگونجاوی یاریگا کاریگەری لەسەر داهاتووی سەدان یاریزان داناوە.
هەروەها وەرزشوانان و راهێنەرانی ئەکادیمیای کەسنەزان دەڵێن، بەهۆی دۆخی خراپی یاریگا راهێنان و چالاکییە وەرزشییەکانیان راگیراوە.
لە بەرامبەردا، سەباح سایب، بەڕێوبەری ناحیەی کەسنەزان، وتوویەتی ئێستا بودجەی پێویست بۆ چاککردنی یاریگاکە نییە، بەڵام هەوڵ دەدرێت لە داهاتوودا نۆژەن بکرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا