"بە بەرتیل هاوردە دەکرێ و ئەوەش تاکە هۆکارە"
تەماتە سوورەکەی دەشتی شارەزوور پارە ناکات و جوتیاران دڵگرانن
بڕوا مەجید – شارەزوور
جوتیارانی دەشتی شارەزوور و هەڵەبجە تەماتە و بەرهەمەکانیان پارە ناکات و نیگەرانن، هۆکارەکەی بۆ هاوردەکردنیان لە دەرەوەی وڵات و ئیستغلالکردنی وەزعەکە لەلایەن هەندێک بازرگانەوە دەگەڕێننەوە.
هاوکار سدیق جوتیارێکی ماندوونەناس و بەئەزموونە، لەناو عەلوەی سەیدسادق قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەموو ساڵێک لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانمان تووشی ئەم مشکیلانە دەبین، چەند کەسێک کە لە پەنجەکانی دەست دەرناچن، بە بەرتیل و پارە و لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان، لە دەرەوە بەرهەمی کشتوکاڵی هاوردە دەکەن، ئەوەش وادەکات، بەرهەمەکانی ئێم پارە نەکات”.
“تەماتەی دەرەجە یەک لە عەلوەی سەیدسادق کیلۆی بە 250 دینارە کە بەو پارەیە ناچنرێ و ناچێتە ناو سندوق”، هاوکار سدیق وادەڵێت.
ئاماژەی لەوەشکرد، جگە لە تەماتە، دەشتی شارەزوور پاکترین شووتی سەر زەوی هەیە، بەڵام کەسی لێی ناپرسێ و زۆربەی هەرە زۆری بەزایە دەچێ.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری