هیچ زیانێکی گیانی نەبوو
هەورەبانی ماڵێک لە سلێمانی ئاگری گرت و سووتا
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی عەقاری سلێمانی ئاگر لە هەورەبانی ماڵێک کەوتەوە و جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی نەبوو و خاوەن ماڵەکە دەڵێت، گومان دەکەین ئاگرەکە لە موبەریدەی ماڵەکەوە کەوتبێتەوە.
سامی سەلیم، خاوەنی ماڵەکە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ئێمە لە دەرەوە بووین کە هەواڵیان پێداین ئاگر لە هەورەبانەکەمان کەوتووەتەوە و لە کاتەدا کەس لە ماڵەکە نەبوو، خۆمان هەوڵماندا، بەڵام ئاگرەکە زۆر گەورەبوو و لەدەست دەرچوو بوو نەمانتوانی هیچ بکەین.
وتیشی، تیمەکانی بەرگری شارستانی زۆر زوو گەیشتن و توانیان بێ هیچ زیانێکی گیانی و لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، کە لە سەرەتاوە گومان دەکەین بەهۆی شۆرتیکی کارەبایی لە موبەریدەکەوە سەری هەڵدابێت و دواتر تەشەنەی کردووە و کەلوپەلی ناو هەورەبانەکەی سووتاندووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر