ئێرلەندا، سکۆتلەندا و وێڵز
زەنگى جیابوونەوە لە کاردیف لێدرا؛ حکومەتى لەندەن نیگەرانە
بڵند عەلى- لەندەن
جارێکی دیکە پرسی جیابوونەوە و سەربەخۆیی بووەتە ئاڵەنگارییەکی گەورە بۆ حکومەتی ناوەندیی بەریتانیا، ئەمەش دوای ئەوەی هەر سێ هەرێمی (سکۆتلەندا، وێڵز و ئێرلەندای باکوور) هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی جیابوونەوە و دیاریکردنی چارەنووسیان یەکخست.
ئەمڕۆ لە شاری کاردیفی پایتەختی وێڵز، لەسەر ئاستێکی باڵا، سەرکردە و نوێنەرانی هەر سێ هەرێمەکە کۆبوونەوەیەکی لوتکەیان ئەنجامدا و گرێبەستێکی هاوبەشیان بۆ هەماهەنگی و یەکخستنی هەڵوێستەکانیان واژۆ کرد. ئامانجی سەرەکیی ئەم رێککەوتنە، دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووە بۆ زیندووکردنەوەی پرسی سەربەخۆیی و رووبەڕووبوونەوەی رێگرییەکانی حکومەتی لەندەن.
ئەوانەى لە کۆبوونەوە باڵاکەدا بەشداریان کرد ئەمانەبوون:
جۆن سوینی، سەرۆک وەزیرانی سکۆتلەندا و ڕێبەری پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندا .
رون ئەپ ئۆرۆرس، سەرۆک وەزیرانی وێڵز.
میشێل ئۆنیڵ، سەرۆک وەزیرانی ئێرلەندای باکوور و جێگری سەرۆکی پارتی شین فێین .
ماری لوو مەکدۆناڵد، سەرۆکی گشتی پارتی شین فێین .
رێککەوتنە هاوبەشەکەی ئەو سێ پارتە بەدیاریکراوی دەڵێت چی؟
پارتەکان رایانگەیاندووە:”نەتەوەکانمان مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە. هیچ حکومەتێکی وێستمینستەر مافی ئەوەی نییە رێگری لە دیموکراسی بکات یان ئەو بنەمایە پێشێل بکات کە گەلەکەمان خۆیان بڕیار لە داهاتووی خۆیان دەدەن”.
لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە: “بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، خەڵکی ئەم ناوچانە پابەندن بە جیابوونەوە و سەربەخۆیی لە شانشینی یەکگرتوو.”
ئەوان پێیان وایە، داهاتووى نەتەوەکانیان لەناو یەکێتى ئەوروپادایە،
پێگەی یاسایی ئەم سێ هەرێمە چییە؟
لە رووی دەستوورییەوە، شانشینی یەکگرتوو لە چوار وڵات پێکدێت: ئینگلتەرا، وێڵز، سکۆتلەندا و ئێرلەندای باکوور. لە ناو ئەم چوار دەسەڵاتە دادوەرییەدا سێ سیستەمی یاسایی هەن:
ئینگلتەرا و وێڵز سیستەمێکی یاسایی هاوبەشیان هەیە.
سکۆتلەندا وەک سیستەمێکی یاسایی سەربەخۆ لەسەر بنەمای یاسای سکۆتلەندی کاردەکات.
ئێرلەندای باکوور سیستەمی یاسایی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆی هەیە کە پشت بە یاسای باوی ئینگلیزی و یاسادانانی خۆی دەبەستێت.
بڵند عەلى، بەرپرسى ئۆفێسى 964 لە بەریتانیا رایگەیاند، ئەم هەرێمانە بە شێوەیەکی جدیتر لە جاران هاتوونەتە پێشەوە و پەیامێکی روونیان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەوە کردەوە کە،”ئێمە خۆمان بڕیار لە چارەنووسی سیاسی و ئابووریی خۆمان دەدەین”.
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی ناوەندیی بەریتانیا بە توندی دژی ئەم هەنگاوەیە و پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم بە “هێڵی سوور” و بابەتێکی “قەدەغەکراو” دادەنێت.
ئەم یەکگرتنەی سکۆتلەندا، وێڵز و ئێرلەندای باکوور پێشهاتێکی نوێ و مەترسیدارە بۆ سەر یەکپارچەیی شانشینی یەکگرتوو. دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا (برێگزیت) و جیاوازییە ئابووری و سیاسییەکان، پاڵنەری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی ئارەزووی جیابوونەوە لەم سێ هەرێمەدا بگاتە لوتکە و فشاری سەرتاسەری دروست بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح