پۆستەری ژینا ئەمینی بە دەستی خۆپیشاندەران
"زیاتر لە جاران بیرت دەکەین"
ئەمجەد ئەمینی لە ساڵیادی ژینادا: کچێکیان لێ سەندین، بەڵام خەڵک هەزاران ڕۆڵەیان پێبەخشین
وریا فەتاح
لەسەروبەندى چوارەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ئەمجەد ئەمینی باوکی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە هێشتا چاوەڕێی دەرکەوتنی راستییەکانن و ئەو رازانەی چوونەتە ژێر خاکەوە بۆ هەمیشە بە شاراوەیی نامێننەوە.
ئەمجەد ئەمینی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، نامەیەکی بۆ کچەکەی (ژینا) نووسیوە و تێیدا دەڵێت،”چوار ساڵ تێپەڕی، بەڵام خەمی لەدەستدانت نە کۆن بووە و نە بۆ ساتێکیش ئاراممان گرتووە. لەم رۆژانەدا کە رۆژگار تاڵتر و هیوایەکان کاڵتر بوونەتەوە، زیاتر لە جاران بیرت لێ دەکەینەوە”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، باوکی ژینا ئاماژە بەوە دەکات کە چارەنووسی ژینا بە جۆرێک بوو کە ناوەکەی لە ماڵە بچووکەکەی ئەوانەوە تێپەڕی و سنوورەکانی بڕی.
دەشڵێت: زۆرجار بیرمان لەوە کردووەتەوە کە ئێمە یەک کچمان هەبوو و لێیان سەندین، بەڵام خۆشەویستیی خەڵک هەزاران رۆڵەی دیکەی هێنایە ناو خێزانەکەمانەوە. بۆیە ئەوەی هەرگیز لەبیری ناکەین ئەو هاوسۆزییە بوو کە لەنێو خەڵکی ئەم نیشتمانەدا بڵاوبووەوە”.
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، ئەمجەد ئەمینی جەخت لە چاوەڕوانییان بۆ ئاشکرابوونی راستییەکان دەکاتەوە و دەنووسێت،”لەم ساڵانەدا چاوێکمان پڕ لە خوێنە بۆ گۆڕەکەت و چاوەکەی دیکەشمان لەسەر ئەو ڕۆژەیە کە ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن. باوەڕمان وایە ئەو رازە مۆرکراوەی کە تۆ و سەرجەم ئازیزانی خەوتوو لەم خاکەدا لەگەڵ خۆتان بردوتانە، بۆ هەمیشە بە شاراوەیی نامێنێتەوە”.
ژینا (مەهسا) ئەمینی لە 16ی ئەیلوولی 2022 لە تاران پاش دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتیى ئێرانەوە گیانی لەدەستدا، مەرگی ئەو بووە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” ناسرا.