دانیشتووانەکەی ناڕازین
لیژنەی زیادەڕۆ فەرمانی رووخاندنی خانووەکانی عەلیاوەی کەرکوکی لایە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لیژنەی زیادەڕۆی کەرکوک بەشۆفەڵەوە چوونە سەر ماڵەکانی گوندی عەلیاوە، کە نزیکەی 100 ماڵ دەبن بۆ ئەوەی بیڕوخێنن، ئەوان فەرمانی ئەوەیان پێیە ئەو ماڵانە زیادەڕۆ دروستکراوە و دەبێ بڕوخێنرێن.
تیمەکە واژۆیان بە دانیشتووانەکە دەکرد، بۆ ئەوەی چۆڵی بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 14.9.2026، زانا شامل، دانیشتووی گوندی عەلیاوە بە 964ـی وت، لە پرۆسەی ئازادی نەگەڕاینەوە سەر گوندەکەمان و لە ساڵی 2014 بەبڕیازی دکتۆر نەجمەدین پارێزگاری پێشووتری کەرکوک بە نوسراوی فەرمی ئێرەمان پێدراوە، ئێستا وەبەرهێنەرێک هاتووە هێزێکی هێناوە بەبێ ئاگاداری پۆلیسی عەرەفە و ئەنجومەنی گوند، واژۆمان پێدەکەن بۆ ئەوەی بیروخێنن.
بڕیار شوکر دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەی ئەو بە 964ـی وت، ئەوە ئەنفالە جارێک دیکە دەیانەوێت لە ناو گوندەکانی خۆمان دەربەدەرمان بکەن، تەمەنم 40 ساڵە تازە ئەو خانوەم هەیە، ئێ دەبێت 40 ساڵی دیکە دانیشم کار بکەم تاوەکو دەبم بەخاوەن خانوو.
ئەو وتی، لەگەڵ لیژنەکە قسەدەکەین دەڵێن 20 رۆژی دیکە دێین دەیروخێنین، نوسراومان کردووە بۆ قایمقامی کەرکوک و پێی وتین ناروخێندرێت و نوسراوەکەی ئاراستەی پارێزگا کراوە، ئێستە ئێمە لەم نێوەندەدا گرفتار بووین.
سەرچاوەیەک لە لیژنەی زیادەڕۆییەکانی کەرکوک بە 964ـی وت، لە ئێستادا روخاندنی خانووەکانمان راگرتووە چاوەڕوانی بڕیار بدرێت لەلایەن پارێزگاوە بە نوسراوی فەڕمی، بڕیاری پێشوو هەڵبوەشێنرێتەوە، ئێمە تەنیا لایەنی جێ بەجێکارین.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا