بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان
جوتیارانی گەرمیان شەقامە سەرەکییەکان دەکەنە جێگرەوەی عەلوە
میلاد جەلال- گەرمیان
لەگەڵ پێگەیشتنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، بەشێک لە جوتیارانی سنووری گەرمیان، لەبری بردنیان بۆ بازاڕ و عەلوەکان، قەراغی شەقام و رێگە سەرەکییەکانیان کردووەتە بازاڕێکی راستەوخۆ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان و فرۆشتنیان بە رێبواران.
یەکێک لەو ناوچانەی کە بەردەوام ئەم بازاڕە لۆکاڵییەی تێدا دەبینرێت، رێگەی سەرەکیی نێوان کەلار بۆ دەربەندیخانە، بەتایبەتی لە نزیک گوندی (بەرلووت). جوتیارانی ئەم گوندە رۆژانە بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان بە تازەیی دەهێننە قەراغ شەقامەکە و راستەوخۆ دەیخەنە بەردەست شۆفێران و گەشتیارانی ئەو رێگەیە.
مەحمود ئەنوەر، کە یەکێکە لە جوتیارەکانی گوندی بەرلووت، سەبارەت بەم هەنگاوەیان ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەمەکانیان پێویستی بە بردن بۆ بازاڕ نییە. ئەو دەڵێت: “لۆبیای بەرلووت ناوبانگێکی زۆر باشی هەیە، بۆیە بەرهەمەکانمان نابەینە بازاڕ و هەر لێرە لەناو گوندەکە و لەسەر شەقامەکە بە تەواوی ساغی دەکەینەوە.”
ئەو جوتیارە باسی لەوەش کرد کە کڕیارەکانیان زۆرینەیان ئەو کەسانەن کە رێبواری رێگەکەن، بەشێک لە هاووڵاتییانیش کاتێک لۆبیا و بەرهەمەکانی دیکەیان لێ دەکڕن، وەک دیاری دەیبەن بۆ شارەکانی دیکە و پێشکەشی خزم و کەسوکاریانی دەکەن.