" دەبێت هانی خەڵکی خواروو و ناوەڕاست بدەین بیانکڕن"

مەلا یاسین: 80 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەولێر ئامادەیە

964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرمایەی هاوڵاتیانی هەرێم چووەتە ناو کەرتی خانووبەرەوە و دەبێت وەک بیلبیلەى چاومان بیپارێزین، ئاشکراشی دەکات کە لە ئێستادا تەنیا لە هەولێر 80 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون ئامادەی فرۆشتنن و دەبێت بازاڕ بۆ کڕیارانی دەرەوەی هەرێم خۆش بکرێت.
لە پەراوێزی کردنەوەی حەوتەمین پێشانگای خانووبەرە لە هەولێر، مەلا یاسین، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە 964ـى راگەیاند، “کاتی ئەوە هاتووە سێکتەری خانووبەرە وەک چاومان بپارێزین، چونکە سەرمایەی هاوڵاتیانی کوردستان هەمووی هاتووەتە ناو ئەم سێکتەرەوە.”
ئامارێکی گەورەی خستەڕوو و وتی، “ئێستا 80 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەولێری پایتەخت ئامادەن و نمایشکراون بۆ فرۆشتن، کە بەهاکەیان دەکاتە نزیکەی 8 ملیار دۆلار، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش بە بەهای 30 ملیار دۆلار مۆڵەتی دروستکردنی خانووبەرە دراوە.”
باسى لەوەشکرد کە دەبێت رێگە خۆشبکرێت بۆ خەڵکى دەرەوە و شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق تا بێن لە هەرێمى کوردستان یەکەى نیشتەجێبوون بکڕن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح