"15 ساڵە شتی وام نەبینیوە"

چیمەنتۆ و کەرەستەکانی بیناسازی گران بوون

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ئەو گرانییەی بەرۆکی کوردستان و هەموو جیهانی گرتووە، کەرەستەکانی بیناسازیشی گرتەوە و فرۆشیارێک دەڵێت، لە 15 ساڵی رابردوودا شتی وای نەبینوە کە لە دوو رۆژدا و بەو شێوەیە نرخەکان بەرزببنەوە.

نەژاد خەلیل کە چەند ساڵێکە لە گەڕەکی چوارچرای سلێمانی شوێنێکی بۆ خۆی کردووەتەوە و کەرەستەی بیناسازی دەفرۆشێت، بە 964ـی وت، “لە دوو رۆژی رابردوودا نرخەکان بەعام بەرزبوونەتەوە و جاران تۆنێک چیمەنتۆ کە لای ئێمە بە 90 هەزار دینار دەفرۆشرا، ئێستا هەر ئەو چیمەنتۆیە 125 بۆ 130 هەزار دینار دەکات”.

ئاماژەی بەوەشکرد، جووتێک بلۆک لە مەعمەل بە 975 دینار بوو، ئێستا بووە بە هەزار و 250 دینار، تۆنێک شیش 30 دۆلاری چووتەسەر و لم و چەو و هەموو کەرەستەکان گران بوون.

“15 ساڵە ئەم ئیشە دەکەم، نەمبینیوە بەم شێوەیە و ئاوا کتوپڕ، نرخی کەرەستەکان بەرزببێتەوە”، نەژاد خەلیل وادەڵێت.

ئەو کاسبکارە هۆکاری ئەو گرانییە بۆ کەمی سووتەمەنی لە کارگەکانی چیمەنتۆ دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، جاران لەلایەن حکومەتی عێراقەوە سووتەمەنیان بۆ دابین دەکرا، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە و ناچارن لە بازاڕی رەش خۆیان بیکڕن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری